ئێمە بەدوای ئەو هاووڵاتییانەدا دەگەڕێین كە ببنە هاوبەشمان، لەگەڵمان بڕۆن بۆ پڕۆژەی فراوانکردن و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی. دەنگی ئێوە پابەندمان دەکات ئەو مافانەی دەتانەوێت بۆتان جێبەجێ بکەین، بە یاسا بییانچەسپێنین و بە كردەوە بەدواداچوونی بۆ بکەین.
خووشك و برایانم: ئێوە لەم وڵاتەدا شایستەی هەموو ئەو شتانەن کە لێی بێبەش کراون یان دواخراوە، یان دەترسن لەوەی لەدەستی بدەن. لەگەڵمان بن و دەبینن چۆن پارێزگاریی لە مافەکانتان دەکەین و چۆن بەبێ هیچ منەتێک پێشکەشتانی دەکەین.
ئێمە خەمی هەموو گەلانی عێراق هەڵدەگرین، ئینجا لە هەر کوێیەک بن، لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق، لە هەموو گوند و شارێک، لەسەر هەر کورسییەکی خوێندن، لەپێناو هەموو گوڵەگەنمێک، بۆ هەر کوڕ و کچێک، بۆ هەموو لاوان، بۆ فەرمانبەران، بۆ کاسبکارانی بازاڕ، بۆ ئەوانەی هەژار و برسیکراون و بەو هاوکارییانەی کە لە بنەڕەتدا موڵکی خۆیانە و منەتیان بەسەردا دەکرێت، بۆ خانەوادە سەربەرزە قوربانیدەرە بێبەشکراوەکان.
ئێمە ئەو دەنگەی ئێوەین کە نە ون دهبێت، نە کپ دەبێت، نە دەگۆڕێت و نە پشتی تێدەکات. لەگەڵمان بن، با پێکەوە سنوورێک بۆ نەهامەتییەکان دابنێین. هەرگیز دروست نییە ببینین مافەکانمان پێشێل دەکرێن یان تاکێک یان گرووپێک سازشیان لەسەر بکات.
ڕەوا نییە پۆست و پلەکان بەپێی میزاج و ئارەزوو ببەخشرێن. ناکرێت بێدەنگ بین لە ئاست ئەو مافانەمان، کە لێمان زەوت دەکرێت لەلایەن کەسانێکەوە کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، سوورن لەسەر دەستبەسەرداگرتنی چارەنووسی ئێمە.
بە پشتیوانیی ئێوە و پێکەوە، دەبینە بەربەستێکی پتەو لەبەردەم بەردەوامبوونی زیانەكان.





























































