مههدى محهممهد – زارى كرمانجى :
بە گوێڕەی ڕاپۆرتێكی ڕۆیتەرز، دوو برای ئەحمەد شەرع، سەرۆككۆماری قۆناخی ڕاگوزەری سووریا لە پۆستی باڵادان و برای سێیەمی كاری بازرگانی دەكات و بە هۆی گەندەڵییەوە لە ژێر لێكۆڵینەوە دایە .
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات كە دوو برا گەورەی ئەحمەد شەرع لە ناو حكومەتی براكەیان پلەی باڵایان پێدراوە حازم شەرع سەرپەرشتیی كاروباری بازرگانی و وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆییی لە سووریا دەكات و هەروەها ماهیر شەرع، سكرتێری گشتیی سەرۆكایەتیی كۆمارە و سەرۆكایەتیی كۆبوونەوە فەرمییەكان دەكات، هاوكات جەمال شەرع، برا گەورەكەی ئەحمەد شەرع، كاری بازرگانی دەكات لە دیمەشق نووسینگەیەكی تایبەت بە كاری هاوردە و هەناردەكردن و گەشتیاری كردووەتەوە و چەندین جار لە هۆتێل و چێشتخانەی گرانبەها بینراوە و بە ئۆتۆمبێلێكی ‘مێرسیدس’ی جام ڕەش و بێ ژمارە هاتووچۆی كردووە و بەو تۆمەتبار كراوە كە پەیوەندی براكەی لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكارهێناوە و چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و بازرگانی كردووە، بۆیە لە سەر بڕیاری ئەحمەد شەرع نووسینگەكەی داخراوە و خۆشی لەژێر لێكۆڵینەوە دایە .

































































