زاری کرمانجی :
ماوەی ساڵێک زیاترە بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت تا ئێستا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە، گووتەبێژی پارتی زانیاری ئاشکرا دەکات .
مەحموود محەمەد گووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند:” هەڵبژاردن بۆ ئەوە کراوە کە حەجمی هەر حیزبێک دیار بێت و بەپێی ڕێژەی کورسی و بەدەست هێنانی دەنگ پۆستی پێ بدرێت، دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ڕێکەوتنی کۆتایی، ئەوان داوای زۆر زیاتر لە مافی خۆیان دەکەن .
گووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت:” پارتی هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ یەکێتی، بە شێوەی کورسی پەرلەمانی پۆستیان پێنەدراوە، بەڵکو زۆر لە مافی خۆیان پۆستیان پێدراوە، بەڵام ئەوان داوای زۆر زیاتر دەکەن .
مەحموود محەمەد، ئاشکراشی کرد:” لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی لە ئایندەدا چی دەکەین بۆ ئەو وڵاتە، لەسەر کارنامەی کابینەی دەیەم ڕێککەوتووین، لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتووین، هەروەها لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە لەمەودوا ئەنجوومەنی وەزیران چۆن بڕیار بدات و چۆن ئیش بکا، تاکە شت کەمابوو بابەتی پۆستەکان بوو .
گووتیشی:” ئەوەی پارتی بۆ یەکێتی پێشنیاری کردووە بابەتی پێکهێنانی حکوومەت مرونەتی زۆری پێوە دیارە و ڕاچاوی یەکێتی کراوە، بەپێی کورسی بێت ئەوەی بۆ دیاری کراوە پێی نادرێت .
ڕۆژانی ١٨ و ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان سەرپەرشتی کرا. ھەڵبژاردنەکە بەشێوازی فرەبازنەیی ئەنجامدرا و ھەرێمی کوردستان بەسەر ٤ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکرا کە تیایدا : پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورس یەکێتی نیشتمانی کوردستان: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: 7 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
رەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
گۆڕان: 1 کورسی


































































