وەزارەتی حەج و عومڕەی سعوودییە ئەمڕۆ پێنجشەممە هەندێك گۆڕانكاری نوێی لە پێدانی ڤیزە بۆ ئەنجامدانی عومڕە راگەیاند.
بەگوێرەی گۆڕانكارییە نوێیەكە، هەر كەسێك لە دەرەوەی سعوودییە كە ڤیزەی ئەنجامدانی عومڕەی پێ دەدرێت، دەبێت لە ماوەی مانگێكدا عومڕەكە ئەنجام بدات.
پێشتر وەزارەتی حەج و عومڕەی سعوودییە ڤیزەی بۆ ماوەی 3 مانگ دەدا بە عومڕەكاران، عومڕەكار دەیانتوانی لەماوەی ئەم سێ مانگەدا سەردانی سعوودییە بكەن، بەڵام بەگوێرەی گۆڕانكارییە نوێیەكە ڤیزەكە لە دوای مانگێك هەڵدەوەشێتەوە.
گۆڕانكارییە نوێیەكە كە هەفتەی داهاتوو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ماوەی مانەوە لەنێو خاكی سعوودییە هەر وەك خۆی هێشتووەتەوە، واتە عومڕەكار دەتوانێت ماوەی سێ مانگ لە سعوودییە بمێنێتەوە.
وەزارەتی حەج و عومڕەی سعوودییە سەبارەت بە هۆكاری كەمكردنەوەی ماوەی ڤیزەی عومڕە، ئاماژەی بەوە داوە كە بۆ پێشوازیكردنە لە زۆرترین عومڕەكار بەتایبەت كە ئێستا وەرزی هاوین و گەرما لە سعوودییە كۆتایی هاتووە و پلەكانی گەرما لە شارەكانی مەككە و مەدینە دابەزیون كە بەهۆیانەوە پێشبینی دەكرێت ژمارەی سەردانیكەران بۆ ئەنجامدانی عومڕە زیاد بكات.
وەزارەتی حەج و عومڕەی سعوودییە سەبارەت بە ئاماری پێدانی ڤیزە پێشتر رایگەیاندبوو، لە دوای مانگی حوزەیرانی رابردوو (واتە لە ماوەی چوار مانگدا)، زیاتر لە 4 ملیۆن ڤیزەیان پێشكەش بە مووسڵمانانی جیهان كردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی عومڕە.


































































