مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ‘مێتا’، لە ماوەی یەک ڕۆژدا نزیکەی 25 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانەکەی لەدەست دا، دوای ئەوەی پشکەکانی کۆمپانیاکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزین؛ هۆکاری سەرەکیی ئەم زیانەش بۆ باجێکی گەورە دەگەڕێتەوە کە پەیوەندی بە یاسایەکی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ‘مێتا’، لە ماوەی کاتژمێرێکدا 25 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانەکەی کەمی کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ڕیزبەندیی دەوڵەمەندترینەکانی جیهان پاشەکشە بکات.
پاش ئەوەی پشکەکانی کۆمپانیای مێتا لە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەم، بە ڕێژەی زیاتر لە 10% دابەزین، سەروەت و سامانی زوکەربێرگ بە نزیکەی 25 ملیار دۆلار کەمی کرد. بەپێی ئاژانسەکان، ئەمە گەورەترین زیانی ڕۆژانەیە کە پشکەکانی مێتا لەم ساڵدا تۆماری بکەن.
پشکەکانی مێتا بە ڕێژەی 12.3% دابەزین و گەیشتنە نزیکەی 658.50 دۆلار بۆ هەر پشکێک، ئەمەش گەورەترین دابەزینی ڕۆژانەی پشکەکە بووە لە تشرینی یەکەمی 2022ـەوە، کە ئەو کاتە 24.5%ـی بەهاکەی لەدەست دابوو.
سەرەڕای ئەوەی داهاتی کۆمپانیاکە لە سێیەمی ئەمساڵدا گەیشتە 51.2 ملیار دۆلار و لە ئاستی پێشبینیی شیکارە داراییەکان تێپەڕی، بەڵام قازانجی هەر پشکێک تەنیا گەیشتە 1.05 دۆلار، کە بە ڕێژەی 84% کەمترە لە پێشبینییەکانی وۆڵ ستریت کە 6.72 دۆلار بوو.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، ئەم دابەزینە لە قازانجدا بەهۆی باجێکی گەورەوەیە کە بۆ یەکجار سەپێنراوە بە بڕی 15.9 ملیار دۆلار، ئەمەش پەیوەندی بە یاسای دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هەیە کە بە “One Big Beautiful Bill Act” ناسراوە.
بەگوێرەی لیستی گۆڤاری “فۆربس”، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “مێتا” لە ئێستادا بە سەروەت و سامانێکی نزیکەی 232.6 ملیار دۆلار، پلەی پێنجەمی لە ڕیزبەندیی دەوڵەمەندترینەکانی جیهاندا گرتووە.

































































