لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمدا و لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان 4 سایلۆی گەورە دروست کراون کە دەتوانن 160 هەزار تۆن گەنم هەڵبگرن و پێنج سایلۆی دیکەش دروست دەکرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە پێناو بەهێزکردنی ژێرخانی خۆراک و پیشەسازی و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، کابینەی نۆیەم دەیان پرۆژەی جێبەجێ کردووە و بۆ دانی هەزاران مۆڵەت بە کۆمپانیاکانیش ئاسانکاریی کردووە.
بە پێی ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە کابینەی نۆیەمدا سایلۆکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بە گوژمەی گشتیی 84 ملیار دینار دروست کراون و هەرکام لەو سایلۆیانە دەتوانێ 40 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەربگرێت. هەروەها پێنج سایلۆی دیکەش لە دهۆک، زاخۆ، کفری، کۆیە و هەریر دروست دەکرین.
هەر لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمدا 11 هەزار و 105 کۆمپانیا مۆڵەتی کارکردنیان پێ دراوە، 319 کۆگای ساردکەرەوە و 30 هەزار خانووی پلاستیکی بۆ کشتوکاڵ و 1257 کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک دروست کراون. لە کابینەی نۆیەمدا بۆ یەکەمجار دەیان هەزار تۆن بەروبوومی جووتیارانی کوردستان لەوانەش برنج، سماق، تەحین، هەنار، هەنگوین، سێو، قارچک، پەتاتە و چەندین بەروبوومی دیکە هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو و جیهان کرا. سەدان هەزار تۆنیش لە بەروبوومی جووتیارانی کوردستان ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە.



































































