ههرچهنده عێراق وڵاتێکه کە خاوەنی دووەم گەورەترین یەدەگی غازی هاوەڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەردەوامە لە هاوردەکردنى غاز و باجەکەی لە بودجهى سیادی خۆی دەدات، بهو هۆیهشهوه 60%ى تواناى دابینكردنى كارهبا له دهست دهدات، هۆكارهكهش بۆ خراپی بهڕێوهبردن دهگهڕێننهوه.
دورەید عەبدوڵڵا، ئابووریناسی عێراقی بە ماڵپەڕی بەغداد ئەلیومی راگهیاندووە: “تا کۆتایی ساڵی 2025، عێراق رووبەڕووی کورتهێنانێک دەبێتەوە کە لە 60% تێدەپەڕێت لە دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وێستگە کارەباییەکانی، سەرەڕای کۆکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردەی ئێرانی، ئەمەش عێراق دەکاتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆر پشت بە دەرەوە دەبەستێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنییە سەرەکییەکەی”.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەمڕۆ عێراق خاوەنی 50 وێستگەی غازییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام تەنها 22 وێستگە غازى تهواوهتى بۆ ئامادە دەکرێن. 5 وێستگەش بە هیچ جۆرێک بە غاز کار ناکەن، لەکاتێکدا ئەوانی تر پشت دەبەستن بە تێکەڵەیەک لە سووتەمەنی قورس و نەوتی خاو و گازوایل. هەروەها لە کۆی هەشت وێستگەی هەڵمی، تەنها دووانیان بە غاز کار دەکەن.
بەپێی گوتهى دورهید عەبدوڵا، ئەم کێشە بنەماییە لە سیستەمی دابینکردندا وای کردووە وزەی بەرهەمهاتوو کەمتر بێت لە نیوەی توانای دیزاینکراو، لە کاتێکدا تەنها 44.5%ی یەکە غازییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بە غاز کار دەکەن، و 27%ی توربینەکان لە کار کەوتوون بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ چارەکی سێیەمی ساڵی 2025.
بە گریمانەی بەردەوامبوونی پڕۆژەکان، پێشبینی دەکرێت، بەرهەمی عێراق لە غاز لە ساڵی 2030دا بگاتە نزیکەی 24 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا، واتە تەنها نیوەی پێداویستی سیستەمی کارەباییەکەی دابین دەکات.
ئەم کێشەیە، بەپێی قسەی ئهو ئابووریناسه، عێراق دەکاتە بارمتەی دوو هۆکاری دەرەکی: نرخی جیهانی غاز، و بڕیاری ئێرانی بۆ دابینکردن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەر پشێوییەکی سیاسی یان تهكنیكی لە تاران ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بەغدا، هەروەکوو لە قەیرانەکانی پچڕانی کارەبا لە هاوینی 2023 و 2024 روویدا.
































































