ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، ” سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک جێبەجێکراون دوای ئەو قەیرانانەی لە ساڵی 2014 بە دواوە دروست بوون، پشت بە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان بەسترا، ئەو پرۆژانە لەسەر ئەو بنەمایانە دابەشکراون”.
زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند :” دوای ساڵی 2014 بەدواوە، بە تایبەت دوای ئەوەی تووشی ئەو قەیرانانە بووین، یەک میکانیزم هەبوو بۆ تەمویلکردنی ئەو پرۆژانە، ئەویش بەکارهێنانی داهاتی ناوخۆ بوو، بە تایبەتی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و کۆکردنەوەی ئەو داهات و رسوماتانەی کە لەناو پارێزگاکان کۆدەکرایەوە، بەڵام لە هەندێک لەو پارێزگایانە، بەداخەوە نەماندەزانی ئەو داهاتانە چییان لێ دەهات”.
گوتیشی:” زۆر جار هەوڵ دراوە لە کابینەی نۆیەم میکانیزمێک رێک بخرێتەوە، بە تایبەتی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، بۆ ئەوەی ببێتە داهات بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام بە ئاقارێکی دیکەیان برد، بۆیە نەتوانراوە، داهاتەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەکاربهێنرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.


































































