ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/10/2025 لە شاری دهۆك، سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری دایك و خانەوادەی شەهید و پێشمەرگە و ئافرەتە تێكۆشەرەكانی پارێزگای دهۆك کۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەدا سەرۆك بارزانی وتارێكی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و تێیدا وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانی خۆی بۆ خانەوادەی شەهیدان، ڕایگەیاند “جگە لە خودا ئێمە بۆ کەس خۆناچەمێنین، تەنها بۆ دایكی شەهیدانی خانەوادەی شەهیدان دە جار خۆمان دەچەمێنین”.
هەروەها سەرۆك بارزانی باسی لە ڕۆڵی ئافرەتان بە درێژایی مێژوویی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد کرد و ئاماژەی بەوە دا كە “ڕۆڵی ئافرەتان ڕۆڵێكی کاریگەرە لە شۆڕشەكان”، سەرۆك بارزانی گووتیشی” لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ئەمرۆ ئافرەت باوك بووە دایك بووە مامۆستا بووە جوتیار بووە، نموونەی ژمارەیەك ئافرەتی خۆڕاگر و قارەمانیشی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە.
سەرۆك بارزانی هەروەها رایگەیاند: ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلی کورد و ڕۆڵ و ئازایەتی ئافرەتانی کورد ئەمانەتێكی گەورەیە لەسەر شانی ئێمە، بۆیە هەرچی بیڵێم کەمە دەرهەق بە دایكی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان.
لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە چاكسازییەكانی سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە “ئەمرۆ ئێمە لە سەدەی بیست و یەکین، ڕەنگە هێشتا وەك پێویست مافی ئافرەتان دەستبەر نەکرابێت، بەڵام پێویتسە ئافرەت خۆشی خەباتی بێوچان بکات و دڵنیابن بە هەموو شێوەیەك لە پشت ئێوە دەبم”.
لە بەشێكی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە مەترسی پیلانەکانی ئێستا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: پیلانی ئێستا و دوژمنایەتی ئێستا لەگەڵ میلـلەتی ئێمە زۆر مەترسیدارتر و گەورەترە لە هی ڕابردوو، ئێستا بە شێوەیەكی بەرنامەبۆدارێژراو دەیانەوێت خەڵكی ئێمە و گەنجی ئێمە تووشی ماددەی هۆشبەر بێت، ئەمە گەورەترین مەترسییە، دەیانەوێت خەڵكی ئێمە تووشی بێئومێدی بکەن و هیچ سۆز و ئینتمایان بۆ نیشتمان نەمێنێت. بۆیە سەرۆك بارزانی بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند “ئەرکی گەورە لەسەر شانی ئێوەیە هەر ئافرەتێك منداڵێكەی لە ماڵەکەی خۆیدا تێبگەیەنێت کە چ پیلانێكی مەترسیدار لەسەر ئێمە هەیە، ئەگەر گەنجی ئێمە باوەڕی بە خۆی نەما ئێمە هیچ دۆزێكمان نامێنێت”.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بڕینی مووچەی خەڵكی کوردستان کرد و ڕایگەیاند “مووچەی خەڵکی کوردستانیان کردە قەزیەیەکی سیاسی و وەك کارتێك بەکاریان هێنا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەناوببەن، ئەمەش بە چاوساغی خەڵكیكی ناوخۆیی بوو کە ڕێگایان بۆ بەغدا خۆش کرد و ئەمەش لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نییە”.
سەرۆك بارزانی هەروەها جەختی لە پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی ئێستا و داهاتوو کردەوە کە خۆیان بە کەمتر نەبینن لە تاکی هەر کۆمەڵگەیەكی دیکە و دەبێت نەوەکانیشمان بەو شێوەیە پەروەردە بکرێن کە لە ئاستێكی بەرزی وریاییدا بن.
هەر لەو وتارەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە زەروورەتی مێژوویی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لە سەروەختێكدا کە کورد تووشی نائومێدی ببوو، بەڵام بە دامەزراندنی پارتی ئومێد بۆ خەڵكی کوردستان گەڕایەوە و پارتی بەرپرسیارییەتی مەزنی لە ئەستۆیە و لە بەرپرسیارییەتی ڕاناکات و تەحەموولی دەکات.

































































