پرۆژەی ڕووناکی لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت و کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوە دا، لە قۆناغی یەکەمدا 44 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لە کارەبای 24کاتژمێری.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، دوای چەندین مانگ کارکردنی تیمەکانی پرۆژەی ڕووناکی، وەکوو قۆناغی یەکەم، سبەی پێنجشەممە کارەبای ناو سەنتەری سۆران دەبێتە 24کاتژمێری.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سۆران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا 44 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن، کە تەواوی ناو سەنتەر و شارەدێی دیانا دەگرێتەوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، تیمەکانی پرۆژەی ڕووناکی لە سەرجەم شارۆچکە و شارەدێکانی دەورووبەری سۆران، ئەو ماڵانەی پێوەری زیرەکیان نەبەستووە پێوەریان بۆ دەبەستن و بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ تەواوی سۆران دەبێتە خاوەنی کارەبای 24کاتژمێری.

































































