حوسێن کوردنەژاد
ئەگەر پێمان وابێت نەبوونی ئازادییە گشتییە لیبراڵییەکان لەو جوگرافیا سیاسییەدا کە بە ئێران ناسراوە، ڕیشەی گرفتەکانە، بەهەڵەدا دەچین.
ئەگەر پێمان وابێت کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ڕیشەی گرفتەکانە، بەهەڵەدا دەچین.
ئەگەر پێمان وا بێت کە پەیوەندیی نێوان زۆرینەی سەردەست لەڕووی مێژووییەوە لەگەڵ کەمایەتییەکان ڕیشەی گرفتە، بەهەڵەدا دەچین. ڕیشەی گرفت لە ژێرخان و ستراکچەری دەوڵەتدایە؛ دەوڵەتی ئێران گرفتە.
پرسیار ئەوەیە چۆن دەکرێ هاوڕایی و هاوبیری لە سەر ئەمە سازبکرێ؟
لە پێشتردا حکوومەتمان گۆڕیوە، حکوومەتێک کە بەراورد لەگەڵ ئەمەی ئێستادا، دەیان جار زۆر باشتر بوو؛ بەتایبەت کە دەگاتە ئازادییە گشتییەکانی لیبراڵییەوە.
بۆ خەبات لە دژی دیکتاتۆری کە ئێستا درووشمەکانی دەدرێت، دووبارەکردنەوەی ئەزموونی پێشووە. هەرچەندە چارمان نییە، پێویستە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. بەڵام بیرکردنەوەی ستراتیژی داوامان لێ دەکات کە سەرنجمان بچێتە سەر بونیاتی ئەو دەوڵەتە کە بەردەوام دیکتاتۆری بەرهەمدێنێت. ئەم هاودڵییە سەرانسەرییە لە ئێراندا دەرخەری بێزاریی نەوە و نەسلی گەنجە کە هیچ داهاتوویەک بۆ خۆیان نابینین؛ خوازیاری ئازادی و ژیانن، بەڵام نابێ فریو بدرێن و وەهمیان بۆ سازبکرێ کە نەمانی حکوومەتی دیکتاتۆری، داهاتوویان بۆ مسۆگەر دەکات.
لە ئێراندا زۆرینە و کەمینەی نەتەوەیی جیاواز بوونی نییە، ئێران جوگرافیایەکە کە بەشی میللەتی جیاواز کە لە ناوچەدا هەن و لە تەواوییەتی خۆیاندا وەک میللەت پێویستە حسابیان بۆ بکرێت و ڕەنگە هێندێکیان لە فارسیش بە ژمارە زۆرتر بن، پێکهاتووە.
ئەگەر حساب بۆ سەروەریی وان لە ژیانی سیاسی و ئابوورییاندا نەکرێت، هەرچەندە لەنێو جوگرافیای سیاسیی ئێستاشدا بێت، میللەتانی ئەم جوگرافیایە لە چاڵێکەوە دەکەونە نێو چاڵێکی دی. بیری ستراتیژی خوایارە سەروەریی ئەم میللەتانە بە ڕەسمی بناسێندرێن. بزووتنەوەی پێشەنگ و سیاسی ئەم میللەتانەش پێویستە ئەم خواست و سیاسەتە ڕەچاو بکەن .
لە وڵاتێکی لە بیچمی ئێراندا، دەستەڵات لە ناوەندەوە شۆڕ ناکرێتەوە بۆ کەمایەتییەکان، بەڵکوو دەستەڵات دابەشدەکرێت و دەستەڵاتی هاوتەریب دادەمەزرێت. لانیکەم لە سێ دەیەی ڕابردوودا، ئەزموونی عێراقی هاوسێ ئەمەی دەرخستووە: عێراق بۆیە نابێتە وڵات، گرووپەکانی بەغدا پێیانوایە کە بە شۆڕکردنەوەی دەستەڵات دەتوانن ژیانی درێژخایەن لەگەڵ کورددا مسۆگەر بکەن و کوردیش بە دابەشکردنی دەستەڵات و بنیاتنانی ئۆرگانی حکومڕانیی هاوتەریب ڕازییە و ئامادەی ژیانی هاوبەشە.
لە ئێراندا سیاسەتی میللەتی کورد لە ئێستاوە پێویستە لەسە ئەم خاڵانە خۆی ساغکاتەوە، دەنا میللەتی کورد جارێکی دیکە بەرەو کۆیلایەتی و گرفت دەبەن و نەوەی ئێستای کوردیش بە دڵنیاییەوە لێیان قبووڵ ناکات.