وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە:
هاونیشتیمانیانی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە کە ماوەیەکە دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە کە حکوومەتی فیدراڵ/ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە بە هۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس بە تایبەت لە دوای ڕێكکەوتنامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی 1975، ئاوارهی وڵاتانی ئێران، تورکیا و سوریا بوون و لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە 1991 گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیێنین، کە سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیاریهتیی خۆی بەرانبەر بەو خانەوادانه جێبەجێ بکات، تا نووسینی ئەم ڕوونکردنەوەیە هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵی پێمان نەدراوە و کۆی ئەو هەواڵانەی لە ئێستادا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییهوه.
بۆیە ئاگاداری هاونیشتمانیان دەکەینەوە کە نەکەونە بەر لێشاوی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی چەند کەس و لایەنێک. گوتووشیهتی: دڵنیاتان دەکەین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی هەڵدەستێت و تا بەدەستهێنانی مافەکانتان بە تایبەت مافی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ نیشتیمان، بەردەوام دەبێت و هەر زانیاری و هەنگاوێکی فەرمیی هەبێت، لە سەرچاوەی فەرمییەوە پێتان ڕادەگەیەنرێت.
































































