زاری كرمانجی- مێرگەسۆر:
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، ڕاگەیاند، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت گرنگییەكی زۆری بۆ ئیدارەی سۆران هەیە، چونكە بووە هۆكاری ئەوەی كە هاتووچۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەتایبەتی ئەو گوندانەی دەكەونە سەر سنوور ئاسانتر بێت. دەشڵێ: لە هەمان كاتدا لەگەڵ دەستپێكردنی جموجۆڵی بازرگانی دەرفەتی كار زیاتر دەبێت.
جەواد سوار، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: دەروازەی نێودەوڵەتی زێت كە لە كابینەی نۆیەم بە هاوكاری و هەماهەنگی مەلامستەفا بارزانی كرایەوە، گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ئیدارەی سۆران و هەموو هەرێمی كوردستان، چونكە بووە هۆكاری ئەوەی كە هاتووچۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەتایبەتی ئەو گوندانەی دەكەونە سەر سنوور ئاسانتر بێت، لە هەمان كاتدا بۆ خەڵكی ئێمە بووەتە پردێكی بەهێز بۆ پەیوەندی كردن بە یەكدی، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر دەبوایە 13 كاتژمێر ڕێگە ببڕن تا دەگەیشتنە شوێنی مەبەست، بەڵام ئێستا ڕێگەكەیان كورت بووەتەوە و دەتوانن بە ئاسانی و بە ماوەیەكی زۆر كەم لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت هاتووچۆ بكەن.
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، دەشڵێ: ئامانجی سەرەكی لە كردنەوەی هەر دەروازەیەكی سەرەكی لە نێوان دوو وڵاتدا بریتین لە ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسی، سەبارەت بە كۆمەڵایەتی ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر بەو سنوورەدا هاتووچۆ دەكەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پەیوەندی كۆمەڵایەتی چووەتە ئاستێكی زۆر باشتر، سەبارەت بە بازرگانیش دەتوانین بڵێین هێشتا دیوی توركیا پێناسەی بازرگانی نەداوەتە سنوورەكە، لە داهاتوودا جموجۆڵی بازرگانی دەست پێ دەكات، بەوەش سوودێكی باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەبێت، لە هەمان كاتدا دەرفەتی كار زیاتر دەبێت.

































































