سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنوسانی گوت بەپێی ڕاپرسییەکان جەماوەرم لە بەرزترین ئاستدایە بەڵام رێگەم پێ نادەن بۆ خولی سێیەم خۆم کاندید بکەم.
ڕۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ کۆریای باشوور بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ”بەپێی ڕاپرسییەکان جەماوەرەکەم لە بەرزترین ئاستدایە
.”بەپێی ئەوەی خوێندوومەتەوە، پێم وا نییە ڕێگەم پێ بدرێت خۆم کاندید بکەمەوە، بۆیە دەبینین چی ڕوودەدات، ئەمەش جێگای داخە
هەموارکردنی 22هەمی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1947 پەسەند کرا، دەڵێت: “هیچ کەسێک زیاتر لە دوو جار بۆ پۆستی سەرۆک هەڵنابژێردرێت.” ترەمپ کە لە ساڵی 2017 تا 2021 یەکەم خولی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبرد و خولی دووەمی لە 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو دەست پێ کرد، واتە دوو خول هەڵبژێردراوە و ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لەم دوایانەدا باسی ئەو داوایانە دەکات کە لە لایەنگرانییەوە پێی دەگات بۆ خۆکاندیدکردن بۆ خولی سێیەم، بەبێ ئەوەی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ ئەم بابەتە ڕابگەیەنێت. هەروەها، سەرۆکی کۆمارییەکان چەندین جار کڵاوی سووری نمایش کردووە کە نوسراوی ترەمپ 2028 یان لەسەرە، کە ساڵی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە.
یەکێک لە گریمانەکان کە لە دەوروبەری ملیاردێرە 79 ساڵییەکەدا باو بوو، بریتی بوو لە ئەگەری خۆکاندیدکردنی دوای سێ ساڵ بۆ پۆستی جێگری سەرۆک، لە کاتێکدا جێگری سەرۆکی ئێستا جەی دی ڤانس خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کاندید دەکات، بەڵام ترەمپ ڕۆژی دووشەممە ئەم بژاردەیەی ڕەت کردەوە.

































































