مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە ئافرەتێكی كورد لەلایەن چەكدارێكی پاسداران لە شاری مەریوان كوژرا.
لە ڕاپۆرتەكەی هەنگاو هاتووە “ڕۆژی یەكشەممە( 26ـى تشرینی یەكەمی 2025) لەیلا عەلیڕەمایی ی تەمەن 40 ساڵ دانیشتووی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن دراوسێیەكی خۆیان بە ناوی كەیوان باسامی – كە ئەندامی هێزە چەكدارەكانی سوپای پاسدارانە، بە چەكی گەرم كوژرا.”
هۆكاری ئەم تاوانە هەر وەكوو هەنگاو ئاماژەی بۆ كردووە “ڕەتكردنەوەی داواكاری زۆرەملانەی ئەو چەكدارە بووە كە داوای لە لەیلا كردووە لە هاوژینەكەی جیا بێتەوە و مێرد بەو بكات.”
سەرچاوەیەك بۆ هەنگاو ئاشكرای كردووە بكوژەكە خێزاندارە و دوو ژنی هەیە. كەیوان باسامی پێشتریش لەگەڵ دوو هاوژینەكەی توندوتیژی بەردەوامی هەبووە و تەنانەت بە چەكی سارد هێرشی كردووەتە سەر هاوژینی یەكەمی و هاوژینە دووەمەكەشی بەهۆی بەردەوامی توندوتیژی داوای جیابوونەوە كردووە كە ئێستا دۆسیەكەیان لە دادگادایە.


































































