مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی دەزگای مین لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییان بە تەقینەوەی مین بەرزبوونەتەوە و نیگەرانی خۆشی نیشاندا بەرامبەر بە هەندێك لە هاونیشتمانییان كە ئاماژەكانی هەبوونی مین دەبەن و بە ئاسن دەفرۆشنەوە و دارەكانیشی لە وەرزی زستان بۆ خۆگەرمكردنەوە دەیسووتێنن.
جەبار مستەفا، سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند “لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 26 ڕووداوی تەقینەوەی مین ڕوویان داوە، بەم هۆیەوە 10 كەس گیانیان لەدەستداوە و 16 ی دیكەش بریندار بوون.”
سەرۆكی دەزگای مین، هۆكاری بەرزبوونەوەی قوربانیانی مین بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە هاووڵاتییان تابلۆكانی ئاماژە مەترسی هەڵدەكەنن و دەیبەن وەك ئاسن دەیفرۆشنەوە و دارەكانیش لە وەرزی زستان دەیسووتێنن .
بەگوێرەی ئاماری دەزگای مین، لە ساڵی 1992 تاوەكوو 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 13 هەزار و 606 كەس بەهۆی مین بوونەتە قوربانی كە پێنج هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 8 هەزار كەسیش كەمئەندام بوون.
هاوكات 36 كارمەندی هەڵگرتنەوەی مین یش لە كاتی كاركردندا گیانیان لەدەستداوە و 65ی دیكەشیان بەشێك لە ئەندامانی جەستەیان لەدەستداوە.


































































