ئەنجوومەنی كۆمسیارانی سەر بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە فەرمی بڕیاری دوورخستنەوەی بەربژێرێكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە بازنەی سلێمانی دەركرد، هۆكارەكەشی بۆ ساختەكاریكردن لە بڕوانامەكەی گەڕاندەوە.
بە گوێرەی بڕیاری ژمارە یەكی كۆبوونەوەی دوێنێ 27-10-2025 ئەنجوومەنی كۆمسیاران، لەیلا كەریم حەمادی، بەربژێر لە لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوورخراوەتەوە.
لە بڕیارنامەكە روون كراوەتەوە كە دوورخستنەوەكە بەهۆی ” ساختەكاریكردن لە بەڵگەنامەی خوێندن” بووە، بە پشت بەستن بە نووسراوەی وەزارەتی پەروەردە. بۆیە فەرمانگەی زانیاری و تەكنەلۆژیای زانیاریی سەر بە كۆمسیۆنیان راسپاردووە كە ئەو بەربژێرەی یەكێتی ئەگەر دەنگیشی هێنا، دەنگەكانی بلۆك بكرێت.
هاوكات كۆمسیۆن فەرمانگەی یاسایی خۆی راسپاردووە تا سكاڵای یاسایی لە دژی ئەو بەربژێرەی یەكێتی بكەن و بەڵگەنامە ساختەكەش وەك بەڵگەیەك پێشكەش بە دادگا بكەن.


































































