زاری كرمانجی-سۆران
بارانبارین لە عێراق دوادەکەوێت و شارەزایەکی بوارەکەش دەڵێت: لە مانگی داهاتوەوە سەرما و گۆڕانی کەشوهەوا ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
زیاتر لە مانگێک بەسەر وەرزی پاییزدا تێپەڕیوە و تا ئێستا یەکەم باران لە زۆرینەی شوێنەکانی عێراق نەباریوە، لەوبارەیەوە سادق عەتییە شارەزای بواری کەشانسیی ڕایگەیاند: مانگی تشرینی یەکەم بۆ عێراق مانگێکی ڕاگوزەرە بۆ پەڕینەوەی گەرما بەرەو سەرما، دانەبارین لەو مانگەدا شتێکی ئاسایی یە.
ئاماژەی بەوەشدا، کەمبونەوەی نزمە پاڵەپەستۆ لە دەریای ناوەڕاست هۆکاری دانەبارین و وشکی وەرزەکەیە.
بە وتەی ئەو شارەزایە لە مانگی نوێوە سەرمای تەواو ڕوو لە عێراق دەکات و هەست بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت، بەرزترین پلەکانی گەرما لە شارە عێراقییەکانیش 30 بۆ 36 پلەی سیلیزییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بارانی پاییزە نەباریوە و تەنها لە هەندێک ناوچە یەکجار بارانێکی کەم باریوە، بۆ ئەم مانگەش هیچ بارانبارینێک پێشبینی نەکراوە، بەرزترین پلەکانی گەرماش لەنێوان 20 بۆ 33 پلەی سیلیزییدایە.


































































