مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هۆزەكانی ڕەققە و دێرەزوور و تەبقە لە نامەیەكدا ئاشكرای دەكەن كە بە هیچ شێوەیەك دەسەڵاتی شەرع لە ناوچەكانیان قبووڵ ناكەن، ئەگەر لێكتێگەیشتن و ڕێكەوتنی فەرمییان لەگەڵ هەسەدە نەبێت .
سەرۆك هۆز و كەسایەتییە دیار و ناسراوەكانی شارە گەورەكانی ڕەققە و دێرەزوور لە سووریا، نامەیەكیان ئاراستەی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی ڕاگوزەری سووریا كردووە و دەڵێن”بەبێ لێكتێگەیشتن و ڕێكەوتنی فەرمی لەگەڵ هەسەدە، ئێمە دەسەڵاتی شەرع لە ناوچەكانمان قبووڵ ناكەین.”
سەرۆك هۆزەكان ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژە لە كۆبوونەوەی بەردەوام دان بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرا سەبارەت بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشق بۆ ناوچەكانیان ڕابگەین و لە كۆتایدا لە نامەیەكی كراوەدا كە ئاراستەی عەبدی و شەرع كراوە، سەرۆك هۆزەكان جەختیان لەوە كردەوە بەبێ ئەوەی ڕێككەوتنێكی فەرمی ڕوون هەبێت كە گەرەنتی جێبەجێكردنی لامەركەزیی بكات، بەتوندی هەر هەنگاوێك ڕەت دەكەنەوە كە ئامانج لێی لكاندنی ناوچەكانیان بێت بە دەسەڵاتی حكومەتەكەی شەرعەوە.


































































