ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئهمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەی کۆتایی خۆی بۆ مووشەکی “کروز” بەهێزی ئەتۆمی ئەنجامداوە و ستایشی ئەو چەکە ناوازەیەی کرد کە مەودای 14 هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت.
ئاژانسی ههواڵی “فرانس پرێس” بڵاویكردووهتهوه، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکان، پووتین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن کرێملینەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، تاقیکردنەوەی کۆتایی مووشەکی بورێڤێستنیک (Stormbird) تەواو بووە، فەرمانی دەرکردووە بۆ ئامادەکردنی ژێرخانی بۆ ئەوەی ئەم چەکە بخرێتە خزمەت هێزە چەکدارەکانی رووسیا.
پووتین جەختی لەوەش کردەوە کە مووشەکەکە ، مەودای بێسنووری هەیە، گوتی: داهێنانێکی ناوازەیە کە هیچ کەسێکی دیکە لە جیهاندا خاوەنی نییە.
لای خۆیەوە، ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای رووسیا رایگەیاند، “مووشەکەکە لە دوایین تاقیکردنەوەیدا کە لە 21ی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدرا نزیکەی 15 کاتژمێری لە ئاسماندا بەسەربردووە، لەو ماوەیەدا 14 هەزار کیلۆمهتر ڕۆیشتووە، جەختیشیکردەوە، ئەم مەودایە زۆرترینە له جیهاندا. “
راشیگهیاند: “تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی مووشهكی بورێڤێستنیک رێگە بە بەکارهێنانی وردبینییەکی گەرەنتی کراو دەدات لە بەرامبەر شوێنە زۆر پارێزراوەکان لە هەر دوورییەکدا بێت. “
لە ساڵی 2018 پووتین رایگەیاند، سوپای رووسیا خەریکی پەرەپێدانی ئەو جۆرە مووشەکانەن، کە بە گوتەی خۆی توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەکی مەجازی هەموو سیستەمەکانی رێگریکردن پێپهر بكات.


































































