مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆما ئامەد دوای سی ساڵ دابڕان و دوور كەوتنەوە لە نیشتمان، جارێكی دیكە گەڕانەوە ئامەد و گۆڕەپانی نەورۆزیان پڕ لە یادەوەری و حەسرەت و حەماسەت كردەوە و بە هەزاران هاونیشتمانی پێكەوە لەگەڵ ئەوان سترانی كولیلكا ئازادیێ یان گووتەوە .
ساڵی 1988 ئەو كاتەی تەواوی هێما و سیمبولێكی كوردبوون لە توركیا و باكووری كوردستان قەدەغە بوون، حەوت گەنجی كورد كە خوێندكاری زانكۆ بوون، گرووپێكی میوزیكی كوردییان بە ناوی “كۆما ئامەد” دروست كرد، بەڵام دوای دوو ساڵ، لە ساڵی 1990 كاتێك یەكەم ئەلبوومی خۆیان بە ناوی كولیلكا ئازادیێ (گوڵاڵەی ئازادی) بڵاو كردەوە، تووشی هەڕەشەی گرتن و ڕاوەدوونان بوونەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە، بۆیە بە ناچاری ڕوویان لە ئەورووپا كرد و توركیا و باكووری كوردستانيان جێهێشت .
ئەگەرچی ئەوان لە نیشتمانی خۆیان دوور كەوتنەوە، بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵانەدا دانەبڕان لە چالاكییە هونەرییەكان و ئاوازەكانیان پڕ بوون لە ئازار و ئازادی و تێكۆشان، كە بە ئاسانی دەچوونە نێو دڵ و دەروونی كوردان و سترانەكانیان لە سەر زاری ئەوان بوو .
حەسرەتی دووری نیشتمان كۆتایی هات و ئەندامانی كۆما ئامەد لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی ئامەدەوە گەڕانەوە باكووری كوردستان و كۆنسێرتێكی لە شەوی پاییزی 25ـى تشرینی یەكەمی 2025 لە گۆڕەپانی نەورۆز لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان له نێو جۆش و خرۆشی دەیان هەزار هاونیشتمانی ئهنجامدا.

































































