مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دووپاتی كردەوە كە زیاتر لە 23 ملیۆن وەرەقەی دەنگدان بە تایبەتمەندییە پارێزراوەكان ئامادە كراوە، هاوكات جەختی لەوەش كردەوە “گواستنەوەیان بەپێی پلانێك بەڕێوەدەچێت كە بە هاوكاری لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادەكراوە.”
نیبراس ئەبو سودە جێگری گوتەبێژی كۆمیسیۆن ئهمرۆ شهممه 25ـى تشرينى يهكهمى 2025، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند “ژمارەی ئەو كاغەزانەی كە بۆ دەنگدەرانی گشتی تەرخانكراون گەیشتووەتە 22,046,200 كاغەز، هاوكات 1,509,300 كاغەزی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی تایبەت تەرخانكراوە، لەگەڵ پەسەندكردنی وەرەقەی یەدەگ بۆ ڕووماڵكردنی پێداویستییە ئۆپەراسیۆنییەكان بۆ قۆناغی هەڵبژاردنەكان.”
دەشڵێت “كاغەزەكان بەپێی ستانداردە ئەمنییە توندەكان چاپ دەكرێن، لەوانەش نیشانەی ئەمنی شاراوە و ڕەنگی تایبەت كە تەنیا بە ئامێر و تاقیكردنەوەی تایبەت دەستنیشان دەكرێت، جگە لەو تایبەتمەندییانەی كە ڕێگری لە كۆپیكردن دەكەن، هەروەها بەكارهێنانی ئەو كاغەزە تایبەتانەی دروستكراون كە نیشانەكانی هاوشێوەی ئەو نیشانانەی تێدایە كە لە دراوی دراودا بەكار دەهێنرێت، دڵنیابوون لەوەی كە ساختەكردن یان دەستكاریكردنیان قورسە.”
































































