ڕائیب زراری
لە هەموو هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو پارتی توانیویەتی ببێتە یەكەمی كوردستان و عێراق، واتە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن دەنگەكانی پارتی زیاد دەكەن، ئەوەش هەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارتی لە ڕۆژە سەخت و دژوارەكاندا لەگەڵ گەلەكەی دەمێنێتەوە، لای پارتی تێكدانی ئاسایشی وڵات هێڵی سوورە و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانی كوردستان لە ئەولەویەتی كارەكانیەتی.
هەرچەندە دوژمنان و ناحەزانی كوردستان كێشەی زۆریان بۆ كوردستان دروست كردووە و ویستیان ببن بە لەمپەر لەبەردەم پێشكەوتنەكانی كوردستان و نەهێڵن پڕۆژە و بنیاتنانی ژێرخان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان بەردەوام بێت، بەڵام پارتی زاڵ بوو بەسەر هەموو ئەو كۆسپانەی كە ناحەزان بۆیان دروست دەكرد و لە خزمەتكردن بەردەوامە، ئەگەر تەنیا كابینەی نۆیەم وەكو نموونە بهێنینەوە، دەبینین ڕۆژانە ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان پڕۆژەی نوێ لە هەموو سێكتەرەكان دەكاتەوە، لە بواری ڕێگەوبان، كوردستان قۆناغێكی باشی بڕیوە و زۆربەی شەقامەكانی كوردستان بوونەتە دوو ساید، هەروەها بە دەیان پۆند و بەنداو دروست كراون، كە ئێستا كێشەی ئاو لە هەموو جیهان بۆتە كێشەیەكی گەورە كە چی لە كوردستان كێشەی ئاو نییە و ڕۆژانەش پڕۆژەی نوێ دەكاتەوە، خەڵكی كوردستان بوونەتە خاوەن كارەبای 24 كاتژمێری و تا كۆتایی ساڵی 2026 كوردستان بە گوند و ئاواییەكانەوە ڕوونان دەكرێتەوە، كەچی لە عێراق ڕۆژ و شەو تەنیا 5 كاتژمێر كارەبا هەیە، هەروەها لە كەرتی تەندروستی و پەروەردەی هەنگاوی باش نراوە، پرۆژەی هەژماری من و دەیان پرۆژەی دیكە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون.
هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان وەك ناوەندێكی ئاشتی و پێكەوەژیان گرنگی پێدەدرێت و ترافیكی سیاسی و سەردانی سەرۆك و وەزیرانی وڵاتان بۆ كوردستان و بینینی جەنابی سەرۆك بارزانی جمەی دێت و كوردستان بووەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ وڵاتانی جیهان، هەموو ئەمانە هۆكارن دەنگدەر ڕۆژی 11ی 11 كاتێك دەچێتە سەر سندووقەكانی دەنگدان دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدات، چونكە چەند پارتی لە بەغدا بەهێز بێت ئارامی و ئاوەدانی زیاتر باڵ دەكێشێت بەسەر هەرێمی كوردستاندا و كوردستانیان لە سایەی پارتی لە خۆشگوزەرانیدا دەژین.

































































