رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، ماوەیەكە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە خاكی سووریا بەهێز بووەتەوە و دەستی بە چالاكی كردۆتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە چەند ناوچەیەكی سووریا دروست بووە.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئەمڕۆ هەینی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە: كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە چەند خاڵ و ناوچە، بۆتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەكی ئەمنی، چەكدارانی داعش ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و لەم ناوچانە چالاكییەكانیان زیاد كردۆتەوە.
بڵاویشی كردۆتەوە: ئەم دواییانە هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی داعش بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە بەتایبەتیش بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەستی هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات (هەسەدە).
تەنیا لە ماوەی مانگی ئایاری رابردوودا چەكدارانی داعش 20 هێرشیان كردبووە سەر هێزەكانی هەسەدە و بەهۆیەوە 10 ئەندامی هەسەدە كوژرابوون و 15ی دیكەش بریندار ببوون.
رۆژنامەیەكە لەسەر زاری فەرماندە سەربازییەكانی هەسەدە گواستوویەتییەوە كە دوای دەركردن و لەناوبردنی چەكدارانی داعش لە ساڵی 2019، ئەمە یەكەمجارە داعش بەم جۆرە بەهێزییە دەبیننەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە كە چەكدارانی داعش لە هێرشەكانی ئەم دواییانەدا شێوازی پەلاماردانەكانیان گۆڕیوە و پشت بە شانەی نووستووی بچووك بچووك دەبەستن و بۆسە دادەنێنەوە و بۆمبی چێنراو لەسەر رێگەكان دادەنێن.
جگە لەوەش چەكدارانی داعش ئێستا وەك جاران جلی سەربازی ناپۆشن و ریش و قژ و رووخساریان ئاشكرا نین و ئاڵای رەشە تایبەتەكانیان هەڵناگرن، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بخزێننە نێو خەڵك و خۆیان بشارنەوە، هەموو ئەمانە وادەكەن رووبەڕووبوونەوەیان كارێكی زەحمەت بێت. ئەمە بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەكە بڵاوی كردۆتەوە.
































































