محەممەد مەحموود- سۆران:
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری به بابەتی ڕێگاو بان داوە، بەتایبەتی لە دروستکردنی ڕێگای دووساید، پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانیش یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجەکان، کارەکانی بەرەو کۆتایین و له چەند ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی دەکرێتەوە.
لەم بارەیەوە خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” ئەم پرۆژەیە ەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە دروست کردنی دیواری پاڵپشت و تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و تۆڕی ڕووناکی و سەوزایی و قیرتاوکردنی شەقام”.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران ئاماژەی بەوەشدا” بوودجەی ئەو پڕۆژەیە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابینکراوە، تیمی ئەندازەیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران سەرپەرشتی کارەکانی دەکات و لەلایەن کۆمپانیای ( North Light Living) جێبەجێ دەکرێت.
ماوەی جێ بە جێ کردنی پڕۆژەکە 365 رۆژی تەقویمی بوو تاوەکو ئێستا ڕێژەی 98% پڕۆژەکە تەواو بووە و تا کۆتایی مانگی 10 ی ئەم ساڵ کۆتایی بە کارەکانی دێت.
لای خۆشیەوە عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بە زاری کرمانجی راگەیاند” کارەکانی دووسایدی حاجی ئۆمەران بەرەو تەواو بوون دەچێت و لە هەفتەی داهاتوو بەفەرمی کارکردن لەو پڕۆژە گرنگە بە کۆتا دێت.

































































