پشتیوان كەریم- سۆران
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كورددستان رایدەگەینێت، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیدا لەسەر چارەسەركردنی كێشەی زەوییە سندوقییەكان و بۆ ئەم مەبەستە، ڕێكارە یاساییەكانی پەسەند كرد كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كەمدەرامەتە و پاش ئەو بڕیارە دەتوانن بەپێی یاسا و دوای گرتنەبەری ڕێكارەكان، لەم بڕیارە سوودمەند ببن”.
ماوەی چەندین ساڵە، هاووڵاتییانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سۆران و شارەوانییەكانی دەوروبەری شاری هەولێر، داوا دەكەن گرفتی زەویی سندووقییان بۆ چارە بكرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سەرۆكایەتیی دیوانەوە، ئەم پێشنیازەیان خستە بەردەم سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەویش ڕەزامەندی لەسەر دا.
لەو بارەوەیە كاوە نەجم سەرۆكی شارەوانی قەزای ناوەندی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری شارەوانیمان نزیكەی 500 زەوی سندووقی هەیە .
سەرۆكی شارەوانی سۆران، ئاشكراشیكرد:” زەویەكان لە گەڕەكەكانی كاولۆكان و 26 گوڵان هەن، ئەو زەویانە دەگرێتەوە كە پێش نەخشەی شارەوانی بوونیان هەبووە موڵكی كەسین ، دوایی گرتنە بەری رێكارە یاساییەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كەم دەرامەت یەكلا دەبێتەوە، دەتوانن سوود مەند بن لە بەكار هێنانی موڵكەكانیان بۆ كاری پێویست دوای ئەنجام دانی رێكارەكان”.