وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە – ئادار عبداللە
ماڵپەڕێکی جیهانی : TIMES ENTERTAINMENT دەریخستووە گۆڕینی ڕەنگی قژ دەتوانێ ڕێگەیەکی دڵخۆشکەر بێت بۆ نوێکردنەوەی ڕوخسارت و نیشاندانی کەسایەتیت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگکردنی قژ مەترسی هەیە کە کاریگەری لەسەر تەندروستی قژ، و دۆخی پێستی سەرت و تەنانەت تەندروستی گشتی دەبێت.
هەرچەندە رەنگی قژ زۆر زیانبەخش نییە، بەڵام بەکارهێنانی بۆیەی کیمیایی زۆر دەبێتە هۆی کێشەی درێژخایەن. ڕەنگکردنی زۆر بە خێرایی دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە. ڕەنگی قژ ماددەی کیمیایی بەهێزی هەیە وەک (ئەمۆنیا) و (هایدرۆجین پێرۆکسید) کە ڕۆنی سروشتی قژت لادەبات و وردە وردە لاوازی دەکات و دەبێتە هۆی ناسکی و وشکبوون و شکانی زیاتر، ڕەنگکردنی بەردەوام زیان بە پێکهاتەی پرۆتینی قژ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی لەت بوونی قژ و هەڵوەرینی قژ.
بۆیەی قژ کە بە ماددەی کیمیایی دروست دەکرێت دەبێتە هۆی وروژاندنی پێستی سەر، سووربوونەوە، خوران و لە هەندێک کەسدا هەستیاری مەترسیدار دروست دەکات ماددەکانی وەک پارافینیلێندیامین (PPD) کە زۆرجار لە بۆیەی هەمیشەیی دەدۆزرێنەوە دەتوانن ببنە هۆی هەوکردنی پێست.
ئەگەر زۆرجار قژت بۆیاخ بکەیت و خوران یان لیر ببینیت، لەوانەیە نیشانەی ئەوە بێت کە پێستی سەرت کاردانەوەی خراپی هەیە بەرامبەر ماددە کیمیاییەکانی ناو بۆیاخ، ژمارەیەکی زۆر لە توێژینەوەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندی نێوان بەکارهێنانی ئاسایی بۆیەی قژ و کێشەی تەندروستی مەترسیدار.
هەندێک بۆیاخی قژ ماددەی کیمیایی دەبنە هۆی شێرپەنجە کە پەیوەندی بە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە، بەتایبەتی میزڵدان و مەمک. هەروەها بەرکەوتنی زۆر لەگەڵ ئەم ماددە کیمیاییانە دەبێتە هۆی تێکچوونی هۆرمۆنەکان و دەستتێوەردان لە کارەکانی کۆئەندامی ناوخۆ لە لەش. هەرچەندە هێشتا توێژینەوەکان بەردەوامن، بەڵام پێشنیار دەکرێت ئاگاداری مەترسییە درێژخایەنەکانی ڕەنگکردنی قژ بن.


































































