موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگە و بانی ئیدارەی سۆران، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گوندنشینان، ئاوبەری ئاسن ” ئارامکۆ ” بۆ ژمارەیەک گوند و ئاوايی لە سنووری ناحیەی سیدەکان دادەنێت .
ئەندازیار خوسرەت سادق بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگە و بانی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لەسەر بودجەی ئاوەدان کردنەوە و بەڕێوەبەرایەتییمان بە گوژمەی 166 ملیۆن دینار، سەرووی ” 100 ” مەتر ” لە ئاوبەری بۆری ئاسن ” ئارامکۆ” لە چەند گوندێکی سیدەکان دانراوە، بەمەش ئاسانکاری باشیان بۆ دروست دەبێت و لەمەودوا لە وەرزی زستانیش گرفتی هاتووچۆیان بۆ دروست نابێت.
زیاتر گووتی:” هەندێک ڕێگە پێویستیی بە دوو مەتر ئاوبەری ئاسنین هەبووە، هەندێک شوێن سێ دانە دانراون، بەپێی پێویستی شوێنەکە و هەڵکەوتەی ڕێگەکە دانراون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگە و بانی سۆران، هەر شوێنێک پێویستی بە چاککردن هەبێت، بەپێی توانا هەوڵ دەدەین.