وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ئەژین غەفار
ئاڵوودەبووانی جگەرە، ڤەیپ یان جگەرەی ئەلیکترۆنی وەک جێگرەوە دەبینن بۆ ڕزگاربوون لە زیانەکانی جگەرە، بەڵام سەرچاوەیەک ئاشکرای دەکات: ڤەیپیش لە درێژماوەدا ئاڵوودەیی بەدواوە دێت و زیانی تەندروستی لێ دەکەوێتەوە.
گۆڤاری پزیشکی درمانکدە ئاشکرای دەکات: ڤەیپ یارمەتیدەرە بۆ وازهێنان لە جگەرە و نیکۆتین. بەڵام دووبارە جۆرێکی تری ئاڵوودەبوون بەدوای خۆیەوە دێنێت. بەپێی زانیارییەکانی ئەو گۆڤارە؛ ڤەیپ دەبێتە هۆی هەڵمژینی دووکەڵی جۆری ۲، کە ئەویش خاوەن ماددەی کیمیایی و زیانبەخشە. بەرزبوونەوەی لێدانەکانی دڵ و زیادبوونی پەستانی خوێنیش بە زیانەکانی تری ڤەیپ دادەنرێت. زیاتر لەوەش، ڤەیپ کلۆربوونی ددان و هەوکردنی شەویلگەی لێ دەکەوێتەوە. جگە لەوە کە چەندان ماددە ژەهراوی تێدایە کە وا لە ڤەیپ دەکات شێرپەنجە دروست بکات.
ڤەیپ ئامێرێکی ئەلیکترۆنییە کە لەجیاتی جگەرە بەکاردێت و لەنێو گەنجان و لاوان باوە. هەرچەندە وا دەبینرێت کە لە جگەرە باشتر بێت بەڵام پسپۆڕان لەبارەی زیانەکانی نیگەرانن و هۆشدارییان دەدەنە گەنجان.

































































