پڕۆژەی ئاوی بارزان، كە یەكێكە لە پڕۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە تەواوبوونی 51 گوندی دەڤەری بارزان لە كێشەی كەم ئاوی ڕزگار دەبن.
پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە گوژمەی 138 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت گوندەكانی سنووری ناحیەی بارزان و هەندێك گوندیش لە سنووری ناحیەی گۆڕەتوو لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن، ئەو پڕۆژەیە لە 2013 دەستی بە كارەكانی كراوە و تا 2016 دواتر كارەكانی وەستاوە، هۆكارەكەش شەڕی داعش بووە، دواتر لە ساڵی 2022 لەسەر دەستی مەلامستەفا بارزانی پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی بارزان دەستی بە كارەكانی كردەوە و لە هەر كاتژمێرێكدا هەزار و 200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 36 هەزار دانیشتووی سنوورەكە دابین دەكات.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: ئەولەویەتی حكوومەتی هەرێم جێبەجێ كردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانە لە هەموو ناوچەكانی كوردستان، یەكێك لەو پڕۆژانە پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزانە، هەر لە باڵندا بگرە تا دەگاتە شێوەدز لەگەڵ بەری نزار لە دەڤەری بارزان لە پڕۆژەكە سوودمەند دەبن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پڕۆژەكە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ دەڤەری بارزان، ئێستا پڕۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و 93% پڕۆژەكە تەواو بووە.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، گوتیشی: پێشتر چەندین جار پڕۆژەكە ڕاگیرا بوو، بەڵام ئەمجارە بە پاڵپشتی و هاوكاری مەلامستەفا بارزانی كە هەموو كات هاوكار بووە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بە زووترین كات تەواو بێت و بكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی ناوچەكە، پڕۆژەكە كەوتەوە كار و ئێستا كۆمپانیایەكی خۆماڵی كار لەسەر پڕۆژەكە دەكات و لە سەرەتای ساڵی نوێ پڕۆژەكە بە كۆتا دێت و دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی سنوورە.

































































