مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە گوێڕەی ئاژانسی بلومبێرگ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆكی پێشووی فەرەنسا ماڵەكەی بەجێهیشتووە و بەرەو زیندانی دی لا سانتێ كەوتووەتە ڕێ بۆ ئەوەی ماوەی سزای زیندانیكردنەكەی تەواو بكات .
نیكۆلاس ساركۆزی، سەرۆكی پێشووی فەرەنسا مانگی ڕابردوو بە تۆمەتی پیلانگێڕی تاوانكاری لەلایەن دادگای وڵاتەكەوە سزای 5 ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەركرا، بەمەش ساركۆزی دەبێتە یەكەم سەرۆكی فەرەنسا بچێتە زیندان.
هاوكات بە پێی گۆڤاری لۆ فیگارۆی فەرەنسی، ساركۆزی دوو بەرگی كتێبی كونتی مۆنتی كریستو لە نووسینی ئەلێكساندەر دوماس و ژیاننامەی عیسا لە نووسینی ژان كریستیان پێتیفیلز لەگەڵ خۆی بردووە بۆ زیندان .
ساركۆزی كە لە ساڵی 2007 تا 2012 سەرۆكی فەرەنسا بووە، بە تۆمەتی ئەوەی یاریدەدەرەكانی داوای پارەی هەڵبژاردنیان لە ڕژێمی موعەممەر قەزافی سەرۆكی لیبیا كردووە، سزای بەندكردنی بەسەردا سەپێنرا.


































































