زاری کرمانجی :
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەنگۆی ناردنی 200 ملیار دینارەکە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ” ناردنی 200 ملیار دینارەکە هەواڵی ناڕاستە و وەزیری دارایی لێی بێ بەرییە.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا هاتووە:” ئێوارەی سێشەممە ڕێکەوتی 15 / 11 / 2022، لە چەند شوێنێک لە هەواڵێکی بێ بنەمادا، بڵاو کرایەوە کە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەدا بە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی دارایی وتووە کە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە لە ساڵی داهاتووەوە دەست بە ناردنەوەی ٢٠٠ ملیار دیناری بەشە بودجەی کوردستان بکاتەوە”.
لە ڕوونکردنەوەکە ئەوەش ئاشکرا کراوە:” تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا نییە و نەبووە و لە ڕۆژی دووشەممە هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وەزارەت نەکراوە”.
هەروەها دەڵێ: “هەواڵی ناردنی 200 ملیار دینارەکە هەواڵی ناڕاستە و وەزیری دارایی (ئاواتی شێخ جەناب) لێی بێ بەرییە”.