مامۆستا پەرژین صابر حسین
مامۆستا لە باخچەی ساوایانی لاڤە
قۆناغی سەرەتای منداڵی بە یەكێك لە گرنگترین قۆناغەكانی گەشەكردن و دروستبوونی كەسایەتی منداڵ دادەنرێت لەناو کۆمەڵگادا ،كە تێیدا منداڵ دەگاتە پلەیەكی دیاریكراو لە رووی توانایی و سەقامگیری و چێژوەرگرتن و بیرمەندی و لە لایەنە جیاوازەكانی ژیانی دا.
منداڵان رق و کینە و دوژمنایەتی نازانن ، درۆ و هەڵخەڵەتاندن نازانن ،جیهانێکی زۆر سادەیان هەیە، جیهانێکی پڕ لە سۆز و لە رێز و لە خۆشەویستی و میهرەبانیان هەیە..جیهانێکی پڕ لە نیازی پاک و لە خەیاڵی جوان و لە خەون و لە هیوای جوان و لە گەشبینییان هەیە، جیهانێکی پڕ لە زەردەخەنەی جوانیان هەیە.
خۆشترین قۆناغ لە ژیانی مرۆڤدا قۆناغەکانی منداڵین.
بۆیە گرینگە پەروەردەکی دروستی مندال بکەیت و یارمەتیان بدەیت، بۆ ئەوەی بتوانن بە دروستی گەشەبکەن و گەورە بن و بە جوانی پێبگەن و بە باشی رەفتار و هەڵسوکەوت بکەن و، کۆمەڵایەتی بن و، کەسێتیی دروست و بڕواو متمانەیان بە خۆیان بێت ، بتوانن پشت بە توانا و بە بەهرەکانی خۆیان ببەستن و، هەست بە بەرپرسێتی بکەن و پەیوەندبن بە بەها جوان و پیرۆزەکان و بە دەستوورە راستەکانی ژیانەوە ، وە دووربکەونەوە لە شتە نەرێنییەکان وە خراپەکان لە ژیان و نزیک ببنەوە لە ئەرێنییەکان تا لە داهاتوودا ببن بە تاکی دروست و سودبەخش بۆ کۆمەڵگا.
زۆربەی خەلکی لایان وایە پەروەردەکردنی منداڵ تەنها ئەرکی دایک و باوکە بەڵام لە راستی دا وانیە ژینگەی دەرەوەش بەپێی قۆناغەکانی تەمەن وەکو (باخچە و قوتابخانە و زانکۆکان )کاریگەری تەواویان هەیە لەسەر پەروەردەی تاک.
بۆیە دەبێت لە سیستەمی پەروەردە گرینگێکی زیاتر بدرێت بە مندالان و بەتایبەتی لە قۆناغەکانی باخچە و قوتابخانە سەرەتاییەکان وە مامۆستایان و پەروەردەکاران و توێژەرانی کۆمەلایەتی هاوکار بن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست بۆ ناو کۆمەلگە.
بەهاکان رۆلێکی گرینگی هەیە لەبۆ پەروەردەکردنی مندالان ،بەهاكانی وەكو (هاوڕێیەتی و هاوكاریکردن و رێزگرتن و پاكوخاوێنی و پاراستنی ژینگە و خۆشویستنی نیشتمان و هتد..) ئێستا كە سەردەمی تەكنۆلۆژیایە دەبێت پەروەردەكاران و دایک و باوکان زۆر بە هەستیاری و بە وردی لە رێگەی تەكنۆلۆژیا و میدیا و لە رێگەی فیلم و ئامرازەكانی دیكە بەهاكان فێری منداڵەكان بکەن ، چونكە زیانەكانی تەكنۆلۆژیا زۆر مەترسیدارە،
منداڵ بەپێی كۆمەڵگە و چینی خێزانەكەی فێری بەهاكان دەبێت، شێوازەكان بۆ تێگەیشتنی منداڵ لە بەهاكان بۆ نموونە بە لاساییكردنەوە و پاداشت و سزاوە دەبێت. بۆ ئەوەی بەهاكان فێری منداڵ بكرێن سەرەتا لە ماڵەوە دەستپێدەكات بەڵام دایک و باوک رۆلێکی سەرەتایی هەیە لە پەروەردەکردنی منداڵەکەی وە هەروەها باخچەی ساوایان کە ژینگەی دووەمە بۆ مندالان کە تێیدا دەژی و فێرە بەهاکان دەبێت لێی ، چونكە باخچەی ساوایان لە راستیدا ژینگەیەکی تەندروست و زۆر باشە بۆ دەستپێکێک و گەیشتن بە پەروەردەیەکی تەندروست و بۆ مندالان وە هەروەها مندال خۆی بۆ ژیان و ژینگەی قوتابخانە ئامادە دەکات.
بۆیە پێویستە هەموو مندالێک پێش بچێت بۆ قوتابخانە باخچەی ساوایان ببینێت .
بۆیە داهاتووی منداڵ بەندە لەسەر پەروەردە و فێركردن لە ژینگەیەکی تەندروست و ئامادەکردنی بۆ ناو کۆمەڵگادا .


































































