مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هەسەدە، لە هەشتەمین ساڵڕۆژی ئازادكردنی شاری ڕەققەی پایتەختی خەلافەتی داعش، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت “ڕێگە بە گەڕانەوەی هیچ جۆرە تیرۆرێك نادەین،” دەشڵێت “سازش لەسەر خوێنی شەهیدانی ئازادیی ناكەین.”
ئەمڕۆ 20ـی تشرینی یەكەم، هەشت ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر ئازادكردنی شاری ڕەققەی سووریا (پایتەختی خەلافەتەكەی داعش)، لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان. بەم بۆنەوە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) پەیامێكی نووسراویان بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند “شەڕڤانانی نێر و مێ و تەواوی پێكهاتەكان، پێكەوە پایتەختی خەلافەتێكی مەترسیدار و تاریكپەرستیان لەناو برد و سەركەوتنێكی مێژوویان تۆمار كرد.”
هەسەدە دەشڵێت “ڕەققە سەردەمێك پایتەختی تیرۆر بوو، بەڵام ئێستا هێمای ڕزگاریی و پێكەوژیانە و خواست و نەبەزیی گەلانی ناوچەكەیە، سەركەوتنەكە بە خوێنی شەهیدان نووسراو پیرۆزكراوە و بەو جۆرە دەمێنێتەوە.”
هێزەكانی سووریای دیموكرات جەخت لەوەش دەكاتەوە “بە هیچ جۆرێك ڕێگە بە گەڕانەوەی تیرۆر نادەین لە ژێر هەر ناو و بەرگێكدا بێت و هیچ كاتیش سازش لەسەر خوێنی شەهیدان و ئامانجەكانمان ناكەین.”

































































