هشیار شكاك خورشید
چەمكی ئاشتی بە پێچەوانەی چەمكی جەنگ و توندوتیژی و ناكۆكی بەكار دێت، ئاشتی بناغەی سەقامگیری هەر وڵاتێكە، بنەمایەكی گرنگە كە ژیانی گەلانی پێوە بەندە، بە بێ ئاشتی هیچ وڵاتێك ناتوانێت ئارامی و ئاسایش بۆ خۆی مسۆگەر بكات، هەمیشە وڵات بە بێ ئاشتی تۆشی ئاڵۆزی و كێشمەكێشم دەبێت، بەو هۆیەوە ناتوانێت پێشكەوتنی ئەوتووی بە خۆیەوە ببینێت، لە گشت هۆیەكانی خزمەتگوزاری و بوارەكانی ژیانیش پاشەكشە دەكەن، وەك پەروەردە و فێركردن و تەندروستی و ئاوەدانی و لە گشت سێكتەر و ژیان كردن لە دواوە دەبێت، بۆیە سەركردەی مەزن ئەوەیە هەنگاوێكی بوێرانە بنێت ئاشتی بە مانای وشە بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەكەی دابین بكات، تاوەكوو وڵاتەكەی لە كاولكاری جەنگ بەرەو ژیانێكی ئارام و ئاسوودە ببات، هاووڵاتییانیش بە ئارامی لە وڵاتی خۆیان ژیان بكەن، بوونی ئاشتی لە كۆمەڵگەدا دەبێتە هۆی سەقامگیری و بەدیهێنانی گشت مافەكانی مرۆڤ بوون، گشت مرۆڤەكانی هەر گەلێك لە چوارچێوەی ئاشتیدا دەبێت ئازاد بن، بۆ ئەوەی تام و خۆشی لە ئاشتی ببینن، چونكە هەر مرۆڤێك سەرەتا ئازاد نەبێت دوور دەكەوێتەوە لە تام و خۆشی ئاشتی ، تەنانەت چەسپاندنی ئاشتی هاندەرێكی گرنگە لە پێناو زامن كردنی دادپەروەری لە گشت ئاستەكاندا بە تایبەتی لە نێوان گەلانی جیهان تاوەكوو دوور بكەنەوە لە گشت شەڕ و ناكۆكییەك ، هیچ گەل و وڵاتێك ناتوانێت ئاشتی بۆ خۆی قۆرخ بكات ئەگەر بیر و هزرێكی فراوان و ئەرێنییان نەبێت ، دوور بن لە هزرێكی بەرتەسك و نەرێنی ، هەرێمی كوردستانیش كە پێكهاتە و مەزهەبی جیاوازی تێدایە توانیویەتی ئاشتی بۆ هاووڵاتییانی خۆی فەراهەم بكات ، گشت چین و توێژەكان بە ئاشتی لە كوردستاندا بژین ، تەنانەت لە چوارچێوەی ئاشتیدا هەموو ماف و ئیمتیازاتی سەرجەم مەزهەب و پێكهاتەكان بەرجەستە كراون ، سەرجەمیان بە بێ جیاوازی ئایین و زمان و كولتوور لە ئاسایش و ئارامیدا ژیان دەكەن و یەكسانی تەواو باڵی بە سەر هەموو پێكهاتەكاندا كێشاوە ، كولتووری خۆ سەپێن لە نێوانیاندا فڕێ دراوە .