ڕێبوار حەمەلاو شوانی
دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بە درێژایی مێژوویی خەبات و بەرخودانی نەتەوەیی کورد لە سەر خاک و نیشتمانی خۆی دەیان جار و بە سیناریۆ و چەکی کۆمەڵکوژ و تیرۆر و کیمیاباران و ئەنفال و لە سێدارەدان و زیندەبەچاڵکردن و برسیکردنی هەوڵی خامۆشکردن و سڕینەوەی دۆزی کورد و ڕیشەکێشکردنی کورد و کوردستان یاندا ، بەڵام لێرەدا کاتی ئەوەیە پرسیار لە خۆیان بکەن کە ئایا توانییان کاروانی تێکۆشان گەلی کورد لە جووڵە بوەستێنن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی یان بە چاوی خۆیان دەبین کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕۆحییەتی خەبات و قوربانیدان زیاتر بەهێزتر دەبێت بۆ ئازادی و ڕزگاری . ناحەزان نە لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش تا ئەو کاتەکەی کە کورد دەبێتە خاوەن دەوڵەت و سەربەخۆ بەردەوام لە پەلاماردان و پیلانگێڕی بۆ شکاندنی ئیرادەی خەباتی کوردایەتی بەردەوام دەبن .
بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرهـ کە ، هەرێمی کوردستان هەوێنی ئاشتی و پێکەوە ژیانە و سوودبەخشە بۆ هەمووان و نموونەی جوانەی دیموکراسییە لە سەر ئاستی ناوچەکە کە ئەمە بۆ زۆربەی ئەوانەی دژایەتی دەکەن دەردێکی کوشندەیە. هەرێمی کوردستان هیچ کات شەڕخواز نییە و پێگەیەک نییە بۆ هەڕەشە و تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دەوروبەر بەڵکوو هەمیشە دەستی ئاشتی و هاوسێیەتی بۆ درێژ کردوون و پێی وایە دەبێت هەمووان پێکەوە لە ئاشتیدا بژین و ڕێز لە سەروەری و ئاسایشی یەکتر بگیرێت.
بەتایبەت کە داگیرکەران و دوژمنان بوونی کوردستانێکی بەهێز لەناوچەکە و سەرەڕای ئەوەی کە سوود و قازانجێکی زۆری لێ وەردەگرن و هەرگیز کوردستان و کوردستانیان نەبوونەتە سەر هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی بەڵام پەلاماردان و مووشەکبارانکردن هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت کە گەشەسەندنەکانی هەرێمی کوردستانی بەهێز کە ساڵ بە ساڵ زیاتر لە پێشکەوتن دایە ، لەگەڵ ئەوەی کە کوردستان قەوارەی یاسایی و دەستووری و فیدراڵییە ، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بە بایەخ و مامەڵەیەکی هاوشێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی لەگەڵ دەکەن ، ئەوەش ئیرەیی و ڕق و کینەی دراوسێیەکان بە تایبەت ڕژێمی ئێرانی بەرامبەر بە دۆزی کورد بەتایبەت هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە .
هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە دراوسێیەکانی وەک گرێیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و لە ترس دا دەژین ، مووشەکباران و درۆن بارانکردنی هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت چونکە چەندین ساڵە گوێڕایەڵی و ڕەچاویی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە ، بەڵام ترسی دوژمنان و داگیرکەران ئەوەیە کە بەو هەڵوێستانهـ نامەردانەیە ، ئەگەر لە داهاتوو دا هەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەت ئەوا دەبێتە خاوەن پێگەیەکی بەهێزی سیاسی،دیپلۆماسی و ئابووری لە سەر ئاستی ناوچەکە و لە ڕووی گەشەسەندن و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیش زیاتر بەرەو پێشەوە دەڕوات .
ئەوەی لە ڕابردوویی زێهنیەتی دواکەوتوویی داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنانی کورد و کوردستان دەبینرێت هەموو شتێک تەنیا دەبێت لە ویست و حەزی خۆیان بێت و چاویان بە بوونی کورد و پێشکەوتن و سەربەستیی ئەو گەلە ستەملێکراوە هەڵنایەت و پێیان هەرس ناکرێت و ناتوانن لەگەڵیدا بە ئاشتی و ئارامی دا ژیان بە سەر ببەن و تەنیا بە زمانی هەڕەشە و مووشەک و درۆن و ئاگر و ئاسن مامەڵە دەکەن .ئەوەی ئەمڕۆ کە دەیبینن نە حکومەتی عێراق و نە وڵاتانی ناوچەکە بۆیان هەزم ناکرێت و بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن، نێوانی ئێمە و ئەوان لە زێهنیەتەدایە کە ئاشتی و ڕێزگرتن لەیەکتر بە پێویست دەزانێت، زێهینەتێکیش کە شەڕ و داگیرکاریی کردووەتە شوێنگرەوەی ئاشتی و پێکەوە ژیان ، ئامادە نییە ڕێز لە مافی نەتەوەیەکی وەک گەلی کورد بگرێت و هەمیشە بیر لە چەوساندنەوە و داگیرکاری و سڕینەوەی بەرامبەر دەکاتەوە .
دەبێ دوژمنان و داگیرکەران مێژوو بە بیر خۆییان بێنەوە کە لە شەڕ فرۆشی و جینۆسایدکردنی گەلی کورد چییان بەرکەوت کە ئایا توانییان چۆک بە خەبات و ئیرادەی بەهێزی گەلی کورد دابنێن ، لێرەدا گوتەیەکی سەرۆک بارزانی بیر دەهێنینەوە کە دەفەرموێت کە : شەڕ خراپترین شتە، لە شەڕ خراپتر تەسلیم بوونە، ئێمە تەسلیم نابین. کەواتە داگیرکەران و دوژمنان کورد و کوردستان دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە ئەو سەردەمە گۆزەشت کە بە مووشەک و درۆن و پەلاماردان بتوانن کە ئیرادەی پۆڵاینی گەل ی کوردستان لە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و مافە ڕەواکانی کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لووتکەیە پاشگەز و سارد بکەنەوە و کاروانی خەباتی کورد و کوردستان لە گەیشتن بە ئامانجەکانی بوەستێنن .