موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی :
لە کۆتایی مانگی 10 داین تا ئێستا حکوومەتی عێراق مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە، زاری کرمانجی وردەکاری بڵاو دەکاتەوە .
پێشەوا هەورەمانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:” حکوومەتی فیدراڵ داوای کەمێک کاتی کردووە بۆ دابینکردنی نەختینەی پێویست، پێیان ڕاگەیاندووین کەمێک دەرفەتمان پێ بدەن، کێشەکە قورس نییە و بە زوویی چارەسەر دەکرێت.”
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت:” ئێمە لیستی مووچەی مانگی دەمان ئامادەیە و لەگەڵ هاتنی مووچەی مانگی هەشت، دەستبەجێ کار دەکەین بۆ ئامادەکردنی 120 ملیار دینارەکە لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی مانگی داهاتوو، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەکی ناوخۆیی ڕێگر نابێت لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە و مووچەی فەرمانبەران نەفەوتێت.
سەرچاوەیەک لە بەغدا بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بە ڕەوانە کردنی پارەی مووچە بۆ مانگی 8ی 2025، لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەخرێتە سەر ئەژماری بانکی وەزارەتی دارایی کوردستان .

































































