زاری كرمانجی – هەولێر:
لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی، راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات و ئەندامێکی لیژنەکەش ئاشکرای کرد، دەمانەوێ لە ھەموو روویەکەوە رەوشی نێو چاکسازییەکان باشتر بێت.
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند، ماوەیەکە لیژنەکەمان سەرقاڵی بەدواداچوونە لەبارەی رەوشی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان و چەندین سەردانی مەیدانی بۆ ھەموو پارێزگاکانی ھەرێم کراون و بەدواداچوون بۆ رەوشی نێو چاکسازییەکان کراوە، ھەموو ئەو کەموکورتیانەی ھەن لە چوارچێوەی راپۆرتێک ئامادە کراون و پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە.
ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت، کێشە و کەموکوڕیی نێو چاکسازییەکان زۆرن، لەوانەش نەبوونی ھۆڵی پێویست بۆ ئەو کەسانەی لەنێو چاکسازییەکانن و زۆریی ژمارەیان و باشترکردنی رەوشی زیندانیان لە ڕووی چاکسازی و تەندروستی و یەکلاکردنەوەی کەیسەکان.
لەیلا عەبدولجەبار روونیشی کردەوە. لیژنەکەمان لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بەدواداچوونی باشی کردووە لەگەڵ دەزگاکانی ئاسایش و چاکسازییەکان کۆبووینەتەوە، دەمانەوێ رەوشی چاکسازییەکان باشتر بکرێت و لەنێو راپۆرتەکەمان داواکاریی زیندانیان گەیەندراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.