زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە هەولێر بەڕێوە چوو.
مەسرور بارزانی، وتارێکی بۆ ئامادەبوان پێشکەش کرد و ڕایگەیاند:” ناچارم هەندێك ڕاستی باس بكەم، ناچارم باسی هەندێك ڕووداو بكەم. هەموو ئەو لایەنانەی كە چاویان بە سەركەوتنی پارتی هەڵنەدەهات، بەڵام نەیاندەتوانی پارتی لێرە بوەستێنن، چوون دەستیان تێكەڵ كرد بۆ ئەوەی گرفت بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەوەی رێگریی لە سەركەوتنەكانمان بكەن، چوون بەرنامەیان داڕشت چۆن بودجەی هەرێم ببڕن؟ لەگەڵ لایەنەكانی تر رێككەوتن چۆن فشار لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بكەن، پێیانوابوو ئەگەر فشار لەسەر پارتی دروست بكەن ئیتر سەركەوتوون، بەڵام ئەوەی نایزانن ئەمەیە.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپاتی لەوەکردەوە، ئەو فشارە تەنیا لەسەر پارتی نەبووە، ئەم هەوڵانە تەنیا دژی پارتی نەبوون، ئەمانە دژی هەموو خەڵكی كوردستان بوون، پارتی بەشێكی گرنگی ئەم وڵاتەیە، بەشێكی گرنگی ئەم خەڵكەیە، ئەوەی بیەوێ بەرامبەر بە پارتی بوەستێ، دەبێ بەرامبەر بە هەموو خەڵكی كوردستان بوەستێت.
مەسرور بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەی پارتی بشكێنن، ئامادەبوون هەمووتان بشكێنن. بۆ ئەوەی پارتی ئازار بدەن، ئامادەبوون هەمووتان ئازار بدەن. بینیشمان لەو هەوڵە بەردەوامانەی كە داویانە بۆ ئەوە بووە كە حكوومەتی هەرێم بە هەموو لایەنەكانیەوە و بە هەموو خەڵكیەوە تووشی گرفت و ئاستەنگ بێت، هەموو خەڵكی كوردستان بەداخەوە لەم زەرەر و زیانپێگەیاندنە بەشدار بووە، حەیف كە لایەنی كوردستانی هەبووە ویستوویانە زەرەر بە خەڵكی كوردستان بگەیەنن، ئەوەی پارێزەری راستەقینەی مافی خەڵكی كوردستان بووە، پارتی بووە، بۆیە جارێكی تریش دووپاتی دەكەمەوە، بۆ ئەوەی دیموكراسیەت سەربكەوێت، بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێن، بۆ ئەوەی چیتر هیچ پیلانێك سەرنەكەوێت، دەبێ پارتی سەركەوێت.
































































