لە كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆك كۆماری سووریا و سەرۆكی رووسیا، بەفەرمی داوا كرا بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا رادەستی حكوومەتی نوێی سووریا بكرێت بۆ ئەوەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتی دادگایی بكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا لە مۆسكۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا كۆبووەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان كۆبوونەوەكە ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر و نیوی خایاندووە و كۆمەڵێك بابەتی جددی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ كراوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا و مورهەف ئەبوو قەسڕە وەزیری بەرگریی و ماهیر شەرع ئەمینداریی گشتیی سەرۆكایەتی كۆماری سووریا بەشداربوونە.
ئاژانسی (فڕانس پرێس)ی فڕەنسی بڵاوی كردەوە: لە كۆبوونەوەكەدا ئەحمەد شەرع بەفەرمی داوای لە ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا كردووە بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریایان رادەست بكەن دوای ئەوەی لە كانووی یەكەمی ئەمساڵ دوای ڕووخانی رژێمی سووریا بەرەو مۆسكۆ رای كردبوو.
سەرۆك كۆماری سووریا جەختیشی كردۆتەوە كە دوای رادەستكردنەوەی بەشار ئەسەد، لە دادگای ناوخۆی سووریا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتی دادگایی دەكرێت.
































































