شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی:
نابینایان، بەشێكی گرنگ لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی پێكدەهێنن. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش ڕۆژێكی تایبەت بە ناوی ڕۆژی جیهانی گۆچانی سپی تەرخان كراوە بۆ ڕێزلێنان لەم كۆمەڵە كەسە.
15ی ئۆكتۆبەر، بە ڕۆژی جیهانی گۆچانی سپی ناسراوە و لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەو ڕۆژە بۆ ڕێزلێنان و ئاهەنگگێڕان بۆ هەوڵی نابینایان بەڕێوە دەچێت.
گۆچانی سپی بە ڕەمزی نابینایان دەناسرێت و ئامرازێكە بۆ پشت بە خۆبەستن و دۆزینەوەی ڕێ و بووەتە چاوی ئەوان .
بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، نزیكەی 35 ملیۆن كەس لە جیهاندا كوێرن، زیاتر لە 90%یان لە ناوچە دواكەوتووەكاندا دەژین، بەتایبەتی لە ئاسیا و ئەفریقا. ناوچە بێبەشەكان و گوندنشینەكان زۆرترین مەترسی كوێربوونیان لەسەرە.

































































