جێگری سەرۆکی پارتی، دووپاتی کردەوە، حزبەکەی خاوەنی گەورەترین شانازیی مێژووی هاوچەرخی کوردستانە و دەبێت هەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە؛ دهشڵێت، پارتی لە هەر شوێنێک بێت ئاوەدانی لەوێیە.
سێشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرنەڤاڵی پشتیوانیی لیستی 275ـی پارتی لە پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو.
جێگری سەرۆکی پارتی، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک وێڕای و سوپاس و بەخێرهاتنی ئامادەبووان، باسی لە دەستووری عێراق کرد و گوتی: زۆرینەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە نێوان هەرێم و عێراق هەیە، هۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی دەستوورە.
جەختی لەوە کردەوە، لەم قۆناغەی ئێستا دەبێت لە عێراق دەستوور جێبەجێ بکرێت، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و چەسپاندنی مافەکانی کورد تێیدا، دەبێت کورد بە بەهێزی لە بەغدا بێت.
نێچیرڤان بارزانی، بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: سوپاسی هەمووتان دەکەم، ئێوه پارتیتان گەیاندووەتە 800 هەزار دەنگ، بەڵام ئەو جارە خواستی ئێمە ئەوەیە پارتی ببێتە یەک ملیۆن دەنگ.
هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی باسی لە سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: سەرۆک بارزانی فێری کردووین “کە پارتی ئامرازە و کوردستان ئامانجی هەموومانە”.
دەشڵێت: لە پێناو کوردستانێکی بەهێز و لە پێناو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی کوردستان، دەبێت پارتی زۆر بە بەهێزییەوە بنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی، لە وەسفی پارتیدا، ئاماژەی بەوە کرد، پارتی خاوەنی گەورەترین شانازیی مێژووی هاوچەرخی کوردستانە و دەبێت هەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە، پارتی لە هەر شوێنێک بێت ئاوەدانی لەوێیە.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، گەلی کوردستان بڕوانامەی ئاوەدانی داوەتە پارتی، هەروەها خەمخۆری گەورەی کوردستان پارتییە.
جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: ئەوەی پارتی لە هەولێر دهیكات کەم نییە، جێگەی شانازیی هەموو ئەندام و لایەنگرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە. “موژدە به خەڵکی شارەکە و تەواوی کوردستان دەدەین، ئەو ئاوەدانییەی کە کراوە هیچ نییە لە چاو ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەدا بۆ هەرێمەکەی دەکات”.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی، جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە، ئەو ئارامی، ئاسایش و پێكەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، سەرچاوەکەی بیر، هزر و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
لە بارەی گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جێگری سەرۆکی پارتی ئاشکرای کرد، یەکلاکردنەوەی کێشەکان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە دەکرێت، بۆیە لە ڕۆژی دەنگدان دەبێت بەرەو سندوقەکان بچین و لیستی 275ـی پارتی سەربخەین.
جێگری سەرۆکی پارتی، پەیامێکی ئاراستەی دەنگدەرانی حزبەکە کرد و گوتی: کە دەچن دەنگ بدەن بە هەموو کەسێک بڵێن، ناسنامەی پارتی کوردستانییە و کارەکانیشی ئاوەدانییە، ڕێبازی حزبەکە ئاشتی و پێکەوەژیانە.
جەختی لەوەش کردەوە، نابێت ئەوە لەبیر بکرێت پارتی زامنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە لە بەغدا، ئەگەر پارتی بەهێز بێت لە بەغدا، کوردستان بەهێز دەبێت لەو شارەدا.
نێچیرڤان بارزانی، داوا لە هەموو حزبە کوردستانییەکان دەکات، لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەمووتان لە بەغدا یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن.
وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێکرد. هەروەها بەیانی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.

































































