وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای کرد ئەمساڵ زیاتر 100٪ی قوتابییانی دەرچوو لە هەرێمی کوردستان لە ڕیگای زانکۆلاینەوە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون.
ڕۆژی سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی زانکۆلاینی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ 100٪ی ئەو قوتابییانەی قۆناغی دواناوەندییان تەواو کردووە و فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕ کردووەتەوە لە زانکۆ وەرگیراون کە نزیک 3٪ی ئەو کەسانە دەرەجەکانیان لەگەڵ ئەو شوێنەی هەڵیانبژاردووە ناگونجێت و گوتیشی وەکوو ساڵانی رابردوو ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەین.
بە گوتەی وەزیری خوێندنی باڵا: زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئاسایی توانای وەرگرتنی 30 هەزار قوتابییان هەیە بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا هەموو ساڵێک زیاتر لە 50 هەزار قوتابی لە زانکۆکان وەردەگرێت.
ئارام محەممەد گوتیشی: لەکۆی گشتیی دەرچووانی پۆلی 12ی ساڵانی خوێندنی 2024 – 2025 بە گوێرەی ئەو ئامارە وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجامی پڕکردنەوەی زانکۆ لاین بڵاوی کردووەتەوە 57 هەزار و 980 قویابی بوون، کە 42 هەزار و 257 کەس دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 826 کەس دەرچووی بەشی وێژەیی، 570 کەس دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1327 کەسیش دەرچووانی پیشەیی بوون.
ماڵپەڕی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بڵاوی کردەوە بەپێی ئامارەکانی وەزارەت، بۆ ئەمساڵی خوێندن، پلانی وەرگرتن بۆ ٦٥ هەزار و ٤٧٦ قوتابی ئامادە کرابوو، ٤٥ هەزار و ٤٣ قوتابی فۆرمی وەرگرتنیان پێشکەش کردووە و تەواوى پێشکەشکارانی ئەمساڵ و ٦ هەزار و ٦٨٢ دەرچووی ساڵی ڕابردوو کە ژمارەیان دەکاتە ٥١ هەزار و ٧٢٥ قوتابی، وەرگیراون.
هەروەها لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دەرگاى پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێم، بۆ ١٣٦٨ دەرچووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەى ئیدارەى هەرێم دەکرێتەوە.


































































