ئەژین غفار-زاری كرمانجی :
توێژینەوە زانستییەكان هۆشداری دەدەن لە مەترسی توشبوون بە چەندین كێشەی تەندروستی بەهۆی خواردنی ئەندۆمییەوە.
هەر چەندە ئەندۆمی بەهۆی خێرایی لە ئاماددەكردنی و هەرزانی نرخ؛ خواردنێكی باوە لەنێو خەڵكدا و لە جیهاندا بەربڵاوە.
بەڵام بە پێی قسەی پزیشك و تویژەرانی بواری تەندروستی خواردنی مەترسیدارە بە تایبەتی بۆ منداڵان.
ئەندۆمی لە چەندین ماددەی بۆنخۆشكەر و پارێزەر پێكدێت، هاوكات لە بڕێكی كەمیش لە پڕۆتین و ڤیتامین. ئەمەش زیانی تەندروستی بە دوای خۆیدا دێنێت. توێژینەوە زانستییەكان هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و چەوری لە ئارەزوومەندانی ئەندۆمی بەهۆی بڕێكی بەرچاوی خوێ و چەوری لە پێكهاتەكانی ئەندۆمییدا. هەروەها، ئەندۆمی ئاستی شەكریش بەرز دەكاتەوە. لە توێژینەوەكاندا ئاماژە دەكرێت بە هەبوونی بڕێكی زۆری نیشاستە لە ئەندۆمیدا كە كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێندا دروست دەكات.
منداڵانیش بەدوور نین لە زیانەكانی ئەندۆمی و پسپۆڕان دەڵێن: “منداڵان زیاتر هەستیارن بە زیانەكانی ئەندۆمی، چونكە كەمخۆراكی و گەشەی لاوازی تەندروستی لە منداڵان دروست دەكات.” هۆكاری ئەم كاریگەرییە نەرێنییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سیستمی هەرسی منداڵان هێشتا لە قۆناغی گەشەكردن دایە، و نەبوونی ماددەخۆاركییە سەرەكییەكان لە ئەندۆمیدا دواكەوتن لە گەشەكردن بەدوا خۆیەوە دێنێت.

































































