موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
ناوەندی چالاکی و پێگەیاندنی لاوانی سیدەکان بە سپۆنسەری کۆمپانیای خۆشناو گڕووپ، دووای کردنەوەی خوولێکی تۆپی پێ، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و حزبی و سەربازی و جەماوەرێکی زۆر یاری کۆتایی بەڕێوەچوو .
نەزیر شەهاب بەرپرسی ناوەندی چالاکی و پێگەیاندنی لاوانی سیدەکان بە زاری کرمانجی راگەیاند:” لە بەردەوامی چالاکیەکانماندا، لە ڕۆژانی رابردوو خوولێکمان بۆ تیپە وەرزشییەکان لە یاریگەی گەورە کردەوە و تیایدا 14 تیپ بەشداریان کرد، دووای کێبڕکێی زۆر هەردوو تیپی سیدەکان و مەیدان گەیشتنە یاری کۆتایی .
زیاتر گووتی:” تیپی سیدەکان توانی بە ئەنجامێکی لێدانی یەکلاکەرەوە بەسەر تیپی مەیدان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و توانی ببێتە پاڵەوانی خوولەکە .
گووتیشی:” هێمن وەسمان وەک باشترین یاریزان، ئەنجام جەوهەر باشترین گۆڵچی، فەهد عەبدولواحید وەک گۆلکاری خول دیاری کران، لە رێوڕەسمێکدا خەڵات و دیارییان پێشکەش کرا”.