زاری كرمانجی-سۆران
لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازێكی نوێی ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد، كە تێیدا داوای هەژماركردنی كۆی موچەی فەرمانبەر دەكات لەكاتی خانەنشین بووندا لەبری موچەی بنەڕەتی.
پەرلەمانتار محەمەد عەنوز، بە ڕۆژنامەی فەرمی ئەلسەباحی ڕاگەیاندووە، “خانەنشینان نوێنەرایەتی چینێكی گەورە و گرنگی كۆمەڵگەی عێراق دەكەن، كاتی ئەوە هاتووە سەرلەنوێ بە یاساكانی خانەنشینی بچنەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ گۆڕانكارییە ئابوورییەكان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: “ لیژنەكە پێشنیارێكی گشتگیری ئامادەكردووە كە میكانیزمی ڕوونی لەخۆدەگرێت بۆ هەژمار كردنی خزمەتگوزاری و تەرخانكردنی دارایی لەسەر بنەمای كۆی مووچە”.
هێما بۆ ئەوەش دەكات: ” لیژنەی یاسایی چاوەڕێی وەڵامی سەرۆكی حكوومەت دەكات بۆ ئەو پێشنیازە دوای ئەوەی پێشكەشی وەزارەتی دارایی دەكرێت، كە دیراسەی لایەنە دارایی و كارگێڕییەكانی پەیوەست بەوەوە دەكات.
دەشڵێت: “ئامانج لەم هەنگاوە دانانی بناغە واقیعییەكانە بۆ پەرەپێدانی سیستمی خانەنشینی عێراق، گۆڕینی بۆ سیستەمێكی بەردەوام و كاریگەر كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەكان و دەستەبەركردنی مافی خانەنشینان لە هەمان كاتدا هاوسەنگكردنی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت و كۆمەڵگە”.

































































