لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلە فەلەستینییەکان و بارمتە ئیسرائیلییەکاندا، نزیک 2 هەزار دیلی فەلەستینی لە لایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەم ئاژانسی رۆیتەرز ڕایگەیاند 1966 دیل و زیندانیی فەلەستینی کە بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا ئازاد بکرێن، لە بەندیخانەکانی ئیسرائیل سواری پاس کراون.
بە پێی ئەم راپۆرتە 250 بەندکراوی فەلەستینی کە سزای زیندانی تاهەتایی و زیندانی درێژخایەنیان لەسەر بووە ئازاد دەکرێن.
ئاژانسی ئانادۆلی تورکیا ڕایگەیاندووە کاروانی خاجی سووری نێودەڵەتی کە دیلە فەلەستینییەکان رادەستی حەماس دەکات لە بەندیخانەی سەربازیی عوفەر بەرەو ڕامەڵڵا بەڕێ کەوتووە.
ئانادۆل ئاماژەی بەوەش کردووە لە بەرانبەر هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا کە لە لایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن، 110 دیلی فەلەستینییش لە لایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.
ئاڵوگۆڕی دیلەکان و بارمتەکان یەکەم قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززەیە کە لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ و بە ناوبژیوانیی قەتەر، میسر و تورکیا، لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا هاتووەتە ئاراوە.

































































