زاری كرمانجی:
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی كە ڕۆژانە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ پێداویستی ناوخۆ بە هەرێمی كوردستانی دەداتەوە، بڕەكەی لە خواستی ناوخۆ كەمترە و بەغداش بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت.
كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت باس لەوە كراوە، كە ئەگەر هاتوو بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت، بەشی پێداویستی ڕۆژانەی هەرێمی كوردستانی نەكرد، ئەوا حكومەتی فیدراڵ قەرەبووی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و سووتەمەنی دابین دەكات، بەڵام تا ئێستا ئەوەی نەكردووە.
وەزیری سامانە سرووشتییەكان ئاماژەی بەوە كرد، لەو بڕە نەوتەی كە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی گل دەدرێتەوە، ڕۆژانە یەك ملیۆن و 500 هەزار لتر بەنزین بەرهەمدەهێنرێت كە بە نرخی پاڵپشتیكراو بە (750 دینار) بەسەر بەنزینخانەكانی دابەش دەكەین، بەڵام ئەو بڕە لە پێداویستیی ناوخۆیی كەمترە، هەر بۆیە نۆرەی دوور و درێژی بەنزینخانەكانی لێ دەكەوێتەوە.
بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار لتر بەنزینی بەرهەمهێنراو بەمجۆرە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت؛
٠ پارێزگای دهۆك: 380 هەزار لتر
٠ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە: 500 هەزار لتر
٠ پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 620 هەزار لتر.
بەپێی لێدوانی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە بڕی سێ ملیۆن لتر بەنزین هەیە، ئەوەشی وت، “چەند جارێك داوامان لە وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە، ئەو كورتهێنانەمان بۆ قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام وەڵامی داواكارییەكەی ئێمەی نەداوەتەوە”.
دەشڵێت: “ئەگەر ئەو بڕە بەنزینەمان دەستبكەوێت، ئەوا دەتوانین بەنزین بەسەر سەرجەم بەنزینخانەكان دابەش بكەین و نۆرەگرتنی شۆفێران بۆ دەستكەوتنی بەنزینی حكومیی پاڵپشتیكراو، نامێنێت”.


































































