زاری كرمانجی-سۆران
یوسف چاوشین قازی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، ڕایگەیاند: ” لە گەڵ كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەردانی وەزارەتی داراییمان كرد، لەگەڵ وەزیری دارایی و بەرپرسانی تری ئەم وەزارەتە كۆبووینەوە، باسمان لە دابین كردنی مووچەی ئەو كەمئەندامانە كرد كە لە ۲۰۱٤ تا ئێستا ڕاوەستاوە، سەرەڕای ناردنی لیستی كەمئەندامانی دەرچوو لە لێژنەكانی تەندروستی بۆ بەغدا، تا ئێستا وڵامیان نییە، هەربۆیە پێشنیاری نوێمان بۆ دابین كردنی مووچە بۆ كەمئەندامان خستە ڕوو.
گووتیشی: “: لەلایەكی دیكەوە داوامان كرد خۆراك بۆ شەلتەر و خانەكان و داینگەكان، هەروەها بە كرێ گرتنی پاس، خەرجی گیرفان، ژەمی سووكی خواردن بۆ قوتابیانی پەیمانگە و سەنتەرەكانمان لە كاتی خۆی دابین بكرێت.
لای خۆیەوە وەزیری دارایی خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و ڕایگەیاند كاری زیاتر لە سەر داواكاری و پێداویستییەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكەن.
































































