زاری كرمانجی – سۆران :
ئەمڕۆ یەكشەممە 10/12، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەنیسەی (ئوم ئەلنوور)ی لە قەزای عەنكاوە كردەوە.
لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی كەنیسەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت هیوای خواست كە خوشك و برایانی كریستیان سوود لەو كەنیسەیە وەربگرن كە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروست كراوە.
ئەوەشی خستە ڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا بەردەوام دەبێت، تاوەكوو خوشك و برایانی كریستیان بتوانن بگەڕێنەوە نێو ماڵەكانی خۆیان.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیە :
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
قەداسەتی پاتریارك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم
قەداسەتی پاتریارك كاردینال لویس ساكۆ
بەڕێزان ، ئامادەبووانی هێژا
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێورەسمەدا بەشدارم كە كردنەوەی كەنیسەی (ئوم ئەلنوور)ــە كە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروست كراوە.
ئەم كەنیسەیە بە ناوی (ئوم ئەلنوور) كراوە واتا دایكی ڕووناكی، كە یەكێكە لە ناسناوەكانی حەزرەتی مەریەمی پاكیزە (دروودی خوای لەسەر بێت). حەزرەتی مەریەم نەك تەنیا لە ئایینی كریستیان، بەڵكوو لە ئیسلامیش، پێگەیەكی زۆر تایبەتی هەیە و لە قورئانی پیرۆزدا، لە دەیان ئایەتدا، بە ڕێزێكی زۆرەوە ناوی هاتووە. لە كۆمەڵگەی كوردیشدا، خانمی زۆرمان هەن كە بەو ناوە ناو نراون. هیوادارم ئەم كەنیسەیە، ببێتە شوێنێكی گرنگی خواپەرستیی خوشك و برایانی كریستیان لە عەنكاوە و ببێتە مەڵبەندێكی پەرەپێدانی زیاتری برایەتی و دۆستایەتی نێوان ئایینەكان و گەشەپێدانی كولتووری بەیەكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا.
لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتیش دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و موسڵ و دەشتی نەینەوا، هەزاران خوشك و برای كریستیان لەو شوێنانە، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن و پەنا بۆ هەرێمی كوردستان بهێنن، بە تایبەتیش لە عەنكاوە نیشتەجێ ببن و بە ئاشتی و ئارامی بژین. ئەم كەنیسەیەش، دیارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەو خوشك و برایانەی كە وەك بیستم، بەشێكی زۆریان لە ئاوارەكانی دەشتی نەینەوان كە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەیان، هەر لێرە ماونەتەوە و سوود لەم كەنیسەیە وەردەگرن و خواپەرستی تێدا دەكەن.
بەڕێزان :
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی خۆی بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا و بۆ دروستكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر، بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان بتوانن بە سەربەرزی و بە ئارەزووی خۆیان بۆ ماڵەكانیان و كەنیسەكانیان بگەڕێنەوە.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، پڕۆژەیەكی ڕێگەوبانمان لە نزیك پەرستگەی لالش كردەوە كە ئاسانكارییەكی زۆر بوو بۆ خوشك و برایانی ئێزیدیمان. هەر ئەمڕۆش دوای كردنەوەی ئەو كەنیسەیە، بەردی بناخەی پەیمانگەی ئایینی ئەزهەر دادەنێین و هەروەها بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنان لە هەولێر دەكەین. ئەمە هەمووی بەڵگە و نیشانەی هەمەڕەنگیی كۆمەڵگەی كوردستان و گرنگیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە هەموو ئایینەكان و بە قووڵكردنەوەی زیاتری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی لە هەرێمی كوردستان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و بەیەكەوەژیان و ڕێزگرتن لە هەموو ئایینەكان نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دووبارە پیرۆزبایی كردنەوەی ئەم كەنیسەتان لێ دەكەم و خودای مەزن كوردستان بپارێزێت و هەمیشە بە خۆشی و برایەتی و تەبایی بژین.
جارێكی تر سوپاس






































































